رێگە بە لایەنگرانی ئامەدسپۆر نادرێت لافیتە بە زمانی کوردی هەڵبوواسن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی وەرزشیی ئامەد رێگەی نەدا لافیتەی کوردی لە یاریگەی ئامەدسپۆر هەڵبوواسرێت، کۆمەڵەی لایەنگرانی ئامەدسپۆریش ناڕەزایەتیی دەربڕی.
کۆمەڵەکە دەڵێت، "لە یاریگەکانی دیکە، لافیتە بە زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و فەرەنسی هەڵدەواسرێت، بۆچی هەڵواسینی لافیتە بە زمانی خۆمان قەدەخەیە؟"
کۆمەڵەکە لە هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، هەفتەیەک پێش ئێستا بە فەرمی داواکارییان پێشکێش کردبوو، بەڵام بەبێ هیچ هۆکارێک، لافیتە بە زمانی کوردی قەدەخە کرا.
کۆمەڵەکە بڕیارەکەیان بە بڕیارێکی "ئارەزوومەندانە" ناوبردووە و داوادەکەن پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و رێگە بە لافیتە بە زمانی کوردی بدرێت.
لەو لافیتەی کە قەدەخە کراوە، دەقی "ئەوان تۆ بە ونبوو دەزانن، بەڵام تۆ هەمیشە لەوێ دەبیت." نووسراوە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-2-2025) لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر و ساکاریاسپۆر ـی تورکیا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. بڕیاربوو لافیتەی کوردی لە یاریگەکەدا هەڵبوواسرێت.