مێژوویەکی نوێ لە سووریا؛ یەکەم جارە دان بە "ناوچە کوردییەکان"دا دەنرێت
رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە. میوانانی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" بە دەستکەوتێکی مێژوویی ناوی دەبەن، چونکە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی سووریادا دان بە بوونی کورد و جوگرافیاکەیدا دەنرێت.
هاوکات جەخت دەکەنەوە دەبێت ئەم خاڵانە بچنە نێو دەستووری سووریاوە بۆ ئەوەی گەرەنتیی مانەوەیان هەبێت.
بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەوی 1ـی شوباتی 2026، پەخشکرا، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی لە 30-01-2026 لەنێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاوکرایەوە.
دکتۆر فایەق گوڵپی، سیاسەتڤان، لە بەرنامەکەدا رێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد و گوتی: "لەوەتەی دەوڵەتی سووریا دامەزراوە و لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، ئەمە یەکەمین جارە لە سووریا دان بە بوونی کورد، زمانی کوردی و ناوچەی کوردی دەنرێت."
گوڵپی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هێزی کورد دروستبووە و رێککەوتنەکە باشە، بەڵام "گرنگە بەندەکانی بە تەواوی بخرێنە نێو دەستووری سووریاوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن."
سەبارەت بە گەرەنتیی جێبەجێکردنی خاڵەکان، دکتۆر فایەق گوڵپی ئاماژەی بە رۆڵی ئەمریکی و فەرەنسییەکان کرد و رایگەیاند کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە لە بابەتەکە دەڕوانێت. هاوکات یەکدەنگیی کوردی باشوور، باکوور و رۆژهەڵاتی بۆ داکۆکیکردن لە رۆژئاوای کوردستان، بە "کارتێکی گەورەی گوشار" وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەوە، هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە هەرێمی کوردستان، رێککەوتنەکەی لەڕووی بەردەوامیی ئاگربەستەوە بە گرنگ زانی و گوتی: "بەتایبەتی لەو کاتەی ئەگەری جێبەجێکردنی پیلانی کۆمەڵکوژکردنی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ئارادابوو، ئەم رێککەوتنە بووە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو پیلانانە."
هۆزان عەفرینی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی کوردستان، پێیوایە ئیدارەی خۆسەر باشترین بژاردەیە بۆ رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: "من حەز دەکەم کوردستان بە تەواوی ئازاد و سەربەخۆ بێت، بەڵام بەگوێرەی ئەم هەلومەرجەی ئێستا، ئەمریکا بە فیدراڵی و ئەو جۆرە سیستمانە قایل نابێت، بۆیە پێموایە ئیدارەی خۆسەر باشترین چارەسەرە، بەو مەرجەی ئازادانە ناوچە کوردییەکانی خۆمان بەڕێوەببەین."
پەیوەست بەو بابەتە، ئێڤا حەسەن، کە خوێندکاری زانکۆیە، جەختی لە گرنگیی یەکێتیی کورد کردەوە لە هەر شوێنێک بن. بەڵام رۆدی ئەحمەد، خوێندکارێکی دیکە گومانی لە رێککەوتنەکە هەبوو و رایگەیاند، ئەگەر هەموو خاڵەکان نەخرێنە نێو دەستووری سووریاوە، جێبەجێ ناکرێن.
دکتۆرە کوردستان ئامێدی، مامۆستای زانکۆ، تیشکی خستە سەر مافی هاووڵاتیبوون و رەگەزنامە و گوتی: "ئەگەر ئەم دووانەت نەبێت، مافی سیاسەتکردنیشت نابێت. سادەترین شت ئەوەیە ناتوانیت ببیتە خاوەنی خانوو، تەنانەت ئەگەر بە پارەی خۆت کڕیبێتت. کورد لە سووریا لە تەواوی ئەم مافانە بێبەش بوون و دەبێت ئەم مافانە لە دەستووردا جێگیر بکرێن."
ژیان عومەر، پەرلەمانتاری هەرێمی بەرلین لە ئەڵمانیا، یەکێکی دیکە لە میوانانی بەرنامەکە بوو، ئەو ئاڵایەی کوردستان کە لە نووسینگەکەی خۆی پاراستبووی، پێشکەشی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد. ژیان عومەر باسی لە ئەزموونێکی خۆی کرد لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی دیکە (بێ ئەوەی ناوی بهێنێت) و گوتی بەهۆی ئەوەی ئاڵای کوردستانی پێبووە، هەوڵیان داوە لەڕێگەی بڕینی دەنگ و رێگریکردن لە گوتەکانی، "تۆڵەی لێ بکەنەوە."
ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و سیاسەتڤان، ئاماژەی بە لێدوانێکی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کرد کە گوتبووی کار بۆ دروستکردنی هەرێمێکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
کاروانی گوتیشی: "لە تەواوی سەدەی بیستەمدا کورد شەڕی مانەوەی کردووە، ئێستا دوژمنەکانیش دەبینن کورد زیندووە و سەلمێنرا کە هەرێمی کوردستان قووڵاییەکی ستراتیژییە بۆ پرسی کورد."
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، ئاماژەی بە ڕەهەندە مێژووییەکەی رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند: "لە دوای ساڵی 1946ـەوە ئەمە یەکەمین جارە دەوڵەتی سووریا لەگەڵ لایەنێکی کوردی رێکبکەوێت و دەستەواژەی 'ناوچە کوردییەکان' بچێتە سەر ئەو کاغەزەی واژۆی لەسەر دەکرێت."
بە بڕوای زریان رۆژهەڵاتی، گرنگیی رێککەوتنەکە تەنیا لە خوێندن بە زمانی کوردی و دانانی چەند لیوایەکی سەربازیی کوردی نییە، بەڵکو لەوەدایە کە حکومەتی سووریا دانی بە "جوگرافیای کوردی"دا ناوە، لەکاتێکدا پێشتر وەک پەنابەر مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکە دەکرا.
سەبارەت بە خاڵە لاوازەکانیش، زریان رۆژهەڵاتی گوتی: "ئێمە هێشتا دەقێکی فەرمیمان لەبەردەست نییە؛ باس لە 14 یان 34 خاڵ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دەقێکی واژۆکراو بڵاونەکراوەتەوە."