شۆفێری بارهەڵگرێک لە پێشمەرگەیەکی دا و هەڵات؛ 'دۆخی ناجێگیرە و 7 رۆژە بێهۆشە'
رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەیەک لەکاتی کارکردنیدا وەک شۆفێری تاکسی، بارهەڵگرێک لێی دەدات و شۆفێرەکە هەڵدێت. ئێستا ئەو پێشمەرگەیە 7 رۆژە لە نەخۆشخانە بێهۆشە و پۆلیس دەڵێت، فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبار دەرچووە.
کارزان شکور، تەمەن 43 ساڵ، پێشمەرگەیە و باوکی سێ منداڵە. رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی 27ی مانگی رابردوو لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی لە نزیک قەزای چەمچەماڵ روویداوە. کارزان جگە لە ئەرکی پێشمەرگایەتی، بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی کاری تاکسیی دەکرد و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە کاتێک بارهەڵگرێک لە دواوە لێیداوە.
سۆران شکور، برای کارزان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "بەپێی کامێرای چاودێری، شۆفێرەکە دوای رووداوەکە دابەزیوە، تەنیا سەیری زیانی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کردووە و بەبێ ئەوەی سەیری براکەم بکات، بە بێویژدانانە جێیهێشتووە و رۆیشتووە."
سۆران دەڵێت، تابلۆی پێشەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکە کە ژمارەی بەغدایە، لە شوێنی رووداوەکە بەجێماوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە و پێیوایە "کەمتەرخەمی لە دۆزینەوەی تۆمەتبارەکەدا هەیە."
هەروەها شایەتحاڵێک کە کارزانی گەیاندووەتە نەخۆشخانە، بە بەرنامەی بەرپرسیاری راگەیاند، "یەکەم کەس بووم گەیشتمە شوێنی رووداوەکە، بینیم لەسەر جادەکە کەوتبوو و خوێن لە دەم و لووتی دەهات، بەڵام خەڵک نەیدەوێرا نزیکی بکەوێتەوە. کاتێک زانیمان لە ژیاندا ماوە، بەپەلە گەیاندمانە نەخۆشخانە."
لەبارەی تەندروستیی بریندارەکەوە، دکتۆر سمکۆ، پزیشک لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی رایگەیاند، تەندروستیی کارزان ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە؛ تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە و ئێستا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددایە.
لەسەر دۆسیەکە، ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تۆمەتبار و ئۆتۆمبێلەکە نەدۆزراونەتەوە و دەستگیرنەکراون، بەڵام سەرەداومان دەستکەوتووە و بەدوای گرتنی تۆمەتبارین."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، خێزانەکەی کارزان لە دادگەی چەمچەماڵ سکاڵایان تۆمارکردووە و فەرمانی گرتن بەپێی مادەی 23 لە یاسای هاتووچۆ بۆ تۆمەتبار دەرچووە.