ئاسۆ ئەڵمانی ئەو کەسەی دەڵێت تەحەدای بەغدا دەکەم
رووداو- هەولێر
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 2-3-2017 هێزێكی سەربازی یەکێتی، كۆمپانیای نەوتی باكووری لە شاری كەركووك گەمارۆدا، هێزەکە بە فەرمانی ئاسۆ ئەڵمانی بەپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی جوڵەی پێكراوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا، ئاسۆ ئەڵمانی رایگەیاند، وەك ئاگاداركردنەوەیەك بۆ حكومەتی عێراق لە بەرامبەر جێبەجێنەكردنی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان وەزارەتی نەوت و پارێزگاری كەركووكدا هەبووە، هێزیان ناردووەتە سەر كۆمپانیای نەوتی باكوور و هەناردەی نەوتەكەیان راگرتووە.
ئاسۆ ئەڵمانی گوتی "ماوەیەكی زۆرە هەست دەكەین غەدر و ناحەقییەكی زۆر لە خەڵكی كەركووك و دانیشتوانەكەی دەكرێت، هەوڵمانداوە چیدیكە كێشەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر حیسابی كەركووك نەكرێت و غەدر لە كەركووك و دانیشتووانەكەی نەكرێت، رۆژگارێك دانیشتووانی كەركووك دەنگی بە كورد و بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوە، مافی ئەوەشی هەیە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرگری و داكۆكی لێبكەین".
بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد مۆڵەتی یەك هەفتە دەدەنە بەغدا بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە.
لێکدانەوەکان بۆ ئەو کردەوەیەی ئاسۆ مامەند جیاوازن، هەندێک دەستخۆشی لێدەکەن، هەندێک بە گومانن لەو کردەوەیە کە شتی شەخسی لە پشتەوە بێت و هەندێکیش بە کارێکی مەترسیداری دادەنێن.
رێبوار تەها، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە نەماندەویست بگاتە ئەو رادەیەی لەبەرامبەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە هێز بەکار بێت، بەڵام ناچاریان کردین هێز بەکاربێنین".
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: "بهدڵنیاییەوە ئهمه بۆ شهڕی داهاتی نهوت نییهو حهل دهبێت. تهنیا بۆ دروستکردنی پاڵاوگهیهکی نهوته".
لە سۆشیاڵ میدیاشدا کاردانەوەکان جیاوازن، هەندێک دەستخۆشی لێدەکەن و لە بەرژەوەندی کەرکووکی دەبینن، هەندێک بەگومانەوە دەڕواننە ئەو کردەوەیە و بەکارێکی شەخسی باسی دەکەن بۆ دەستکەوتنی داهاتی زیاتر. بەشێکیش پێیانوایە ئەم کارە جێگای مەترسییە کە چۆن دەبێت فەرماندەیەکی سەربازی هێزی چەکداری بجوڵینێت و دەزگایەکی حکومی بە ویستی خۆی دابخات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای ئەوەی ئاسۆ مامەند، هێزێكی سەربازی یەکێتی بردەسەر كۆمپانیای نەوتی باكوور لە شاری كەركووك ، لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هۆشدارییەکی تووندی پیدراوە و پێیان گوتووە کە لەماوەیەکی خێرادا هێزەکانی بکشێنێتەوە ، پاشان هێزەکەی پاشەکشەپێکردووە و چۆڵی کردووە.
ئاسۆ مامەند ئیسماعیل ناسراو بە ئاسۆ ئەڵمانی
لە ساڵی 1963 ی گوندی قەرەبەگی سەر بە كەركووك لە دایكبووە.
لە ساڵی 1980 پەیوەندی بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە.
لە ساڵی 1982 لە دەشتی هەولێر پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگە كوردستانەوە كردووە.
یەكێك بووە لە پێشمەرگەكانی كەرتی2 ی تیپی 86ی دەشتی هەولێری یەكێتی، دواتر بووەتە فەرماندەی مەفرەزە.
لە ساڵی 1987 دا بووەتە جێگری فەرماندەی تیپی 85ی بەڕانەتی.
ساڵی 1988 بووەتە بەفەرماندەی تیپ، ساڵی 1989 بۆ ماوەی شەش مانگ بە پارتیزانی لەسنووری بەڕانەتی و هەولێر چالاكی ئەنجامداوە.
لە ماوەی ژیانی پێشمەرگەیاتی 6 جار بە سەختی برینداربووە .
ساڵی 1990 رووی لە وڵاتی ئەڵمانیا كردووەو لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە كوردستان.
لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتی لە سلێمانی لەساڵی 2001 بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرا.
لەماوەی نێوان 2002 و 2003 بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی گەرمیان بوو.
لەساڵانی 2006 و 2007 بەرپرسی مەڵبەندی موسڵ بوو.
لەساڵی 2007 تا كۆتایی ساڵی 2009 بەرپرسی مەڵبەندی دووبزی یەكێتی بووە.
لەكۆنگرەی سێیەمی یەكێتی لە ساڵی 2010 بە ئەندامی سەركردایەتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراتەوە.
لە ساڵی 2010 بووەتە بەرپرسی مەڵبەندی 3ی رێكخستنی هەولێر.
لە ساڵی 2012 بەرپرسی مەڵبەندی 2ی كەركووكی یەكێتییە تاوەكو ئێستا.