لە لایەکی دیکەوە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بنکەی سەرەکیی سوپای پاسدارانیان لە مەریوان کردە ئامانج کە دەکەوێتە ناوەندی شارەکە.
سەرچاوەیەک لە شاری مەریوان بە رووداوی راگەیاند، چەند فڕۆکەیەک بارەگای سوپایان لە مەریوان بۆردوومانکرد و بەو هۆیەوە نێوشار بەتەواوی شڵەژا.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، هێرشەکە 14: 13 خولەک ئەنجامدرا و ژمارەیەکی زۆر ئەمبووڵانس چوونە شوێنی رووداوەکە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێزێکی زۆری ئەمنی بە چەکەوە لەنێو شارەکە بڵاوەیان پێکراوە.
سەرچاوەکە گوتی، دوای هێرشەکە ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان مەریوانیان جێهێشت و بەرەو گوندەکان دەڕۆن و دەنگی فڕۆکەش لە مەریوان دەبیسترێت.
هێرشکردنە سەر بارەگای ئیتڵاعات لە مهاباد
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لە پێگە و ناوەندەکانی سە بە سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.
سەرچاوەیەک لە مهابادەوە بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە بۆردوومان کراوە.
سەرچاوەیەکیش لە نەخۆشخانەی مهابادەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هێرشەکەی سەر ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد 4 کەس کوژراون و 22 کەس بە سەختی بریندارن بوون.
هەر لە سنووری پارێزگای ورمێ، رۆژانی شەممە و یەکشەممە لانیکەم 7 ناوەندی سەربازی و ئەمنی لە ورمێ و دەوروبەری کرانە ئامانج.
هێرشەکان هەریەک لە سەربازگەکانی ئەلمەهدی و مالیک ئەشتەری سەر بە سوپای پاسداران، فەرماندەیی یەکەی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان، کۆگای تەقەمەنیی گۆڵمانخانە، فڕۆکەخانەی ورمێ، بنکەی مووشەکیی سوپای پاسداران و بارەگای فەرماندەیی پاسەوانی سنووری پارێزگاکەیان گرتووەتەوە.
سەرچاوە فەرمییەکان کوژرانی چوار کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیان لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا راگەیاندووە.
هاوکات دانیشتووانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان و تەقینەوەی یەک لەدوای یەک بیستراوە و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ورمێی گرتووەتەوە.
بەخاکسپاردنی 22 ئەندامی پاسەوانی سنوور لە ئیلام
بەیانی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی جەماوەرییدا، تەرمی 22 ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردران کە لە هێرشێکی ئاسمانییدا گیانیان لەدەستدابوو.
ئەو 22 کەسە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر بنکەیەکی پاسەوانی سنووری ئێران لە مێهران گیانیان لەدەستدابوو.
کوژرانی سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە لوڕستان
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، سێ ئەندامیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی ئەو پارێزگایە کوژراون.
سوپای پاسداران ناوی ئەو سێ ئەندامەی بڵاوکردووەتەوە کە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە و بریتین لە "سەید محەممەد سادق حەیات ئەلغەیبی، سەید عەممار سەجادی و سەجاد مەنسووری."
بە پێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ژمارەیەکی زۆر پێگە و ناوەندی سەر بە سوپای پاسداران لە سنووری شارەکانی مهاباد لە پارێزگای ورمێ، کامیاران لە پارێزگای سنە، روانسەر لە پارێزگای کرماشان، جوانڕۆ و پاوە و سەلاس باوەجانی لە کرماشان بۆردوومان کراون.