باڵەخانەی قایمقامیەت و ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە ئیلام بۆردوومان کرا؛ پێنج کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکدا بۆسەر پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بوو. میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، هێرشەکە بە مووشەک بووە و باڵەخانەی قایمقامیەت و ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیاری میدیای ئێران، هێرشە مووشەکییەکە بۆسەر شاری سەرابلەی لە پارێزگای ئیلام بووە.
لە ئەنجامی هێرشەکە، بەشێکی باڵەخانەی قایمقامیەتی شارەکە زیانی بەرکەوت و زیانێکی زۆری مادیش بە ناوچە نیشتەجێبووەکانی دەوروبەری کەوت.
وەک میدیای ئێران دەڵێ، زوو تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە چوونە شوێنەکە و تاوەکو ئێستا توانیویانە تەرمی پێنج کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا دەربهێنن.
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ مانگی سووری ئێران بڵاویکردەوە، لە رۆژی شەممەوە 555 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئەنجامی ئەم شەڕە گیانیان لەدەستداوە.