لە رۆژهەڵاتی کوردستان بنکەکانی پاسداران، ئیتلاعات و پاسەوانیی سنوور بە خەستی و فراوانی بۆردوومان دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی دووشەممە 02-03-2026 لە سێیەم رۆژی شەڕی ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەندین بنکەی سەربازی و ئەمنی و دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستبوونەتەوە، لە هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان، بنکەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش (سوپا)، فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات (هەواڵگری)، پۆلیس، پاسەوانیی سنوور و چەند ناوەندێکی دادوەری بە فڕۆکە بۆردوومان کراون یان بە مووشەک کراونەتە ئامانج.
 
پارێزگای ورمێ
 
بەرەبەیانیی دووشەممە لە نێوشاری مەهاباد، باڵەخانەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرایە ئامانج. بەهۆیەوە بەشی زۆری باڵەخانەکە رووخاوە. تاوەکو ئێستا حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی ئێران، ژمارەی قوربانیانی ئەو بۆردوومانەیان بڵاونەکردووەتەوە.
 
هەروەها نزیکەی کاژێر 6:00ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەربازگەی (وەلی عەسر)ی سوپای پاسداران لە نێوشاری نەغەدە بۆردوومان کرا، کە بنکەی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران لە شاری نەغەدە لەو سەربازگەیەدایە. هاونیشتمانییەک لە نێوشاری نەغەدەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای بۆردوومانەکە چەندین ئەمبولانس بریندار یان کوژراویان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
پارێزگای سنە
 
زۆرترین هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژی دووشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگای سنە بوو.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی سنە، بنکەی هەواڵگریی سوپای پاسداران، بەڕێوەبەرایەتیی داد، نووسینگەی ناوەندی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام و ناوەندی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سنە لە سێڕێیانی شاڵمان لەنێو شاری سنە بۆردوومان کران. هەروەها بنکەکانی پۆلیسی ژمارە 15 و بنکەی پۆلیسی بان باشگا لە شەقامی فیردۆسی لەنێو شاری سنە کرانە ئامانج. قایمقامی سنە رایگەیاندووە، چەند خانوویەکی نزیک لە بنکەکانی پۆلیس بەهۆی بۆردوومانەکان رووخاون و خەڵکی ئاسایی بوونەتە قوربانی.
 
بەشێک لە کۆگەکان و بەشی ئیداریی سەربازگەی لەشکری 28ـی ئەرتەش و نووسینگەی دەزگای دادوەریی هێزە چەکدارەکانیش کە لە رێگەی چوونە ژوورەوەی سەربازگەکەدایە، کرانە ئامانج.
 
هەروەها سەربازگەی (ئیمام عەلی)ـی سوپای پاسداران لە (دۆشان)ی نزیک شاری سنە کرایە ئامانج. ئەو سەربازگەیە بە کۆگەی سەرەکیی چەک و تەقەمەنیی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە دادەنرێت.
 
هەروەها فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری پارێزگاکەش لە تەنیشت فرۆکەخانەی سنە کرایە ئامانج و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، زیانی زۆری پێگەیشتووە.
 
غەریب سەجادی، قایمقامی سنە، کوژرانی 12 کەسی راگەیاندووە و دەڵێت، ژمارەیەکی زۆرتریش بریندارن. دەشڵێت، "شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سیڤیل کراوەتە ئامانج".
 
لەنێو شاری مەریوان، ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران و بنکەی سەرەکیی پۆلیسی شارەکە بۆردوومان کران. ئەو بنکەیەی پۆلیس لە نزیک گرتووخانەی شارەکەیە و دوای کردنە ئامانجی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە بەندکراوان لە گرتووخانەکە چوونەتە دەرەوە، بەڵام محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی سنە، هەواڵەکەی رەتکردەوە و دەڵێت "کەس لە گرتووخانەکە نەچووەتە دەرەوە". 
 
هەروەها میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، بنکەیەکی سوپای پاسداران لە گوندی دزڵیی مەریوان و لە نزیک سنووری باشووری کوردستان بۆردوومان کراوە. سەرچاوە خۆجییەکان بەو میدیایانەیان راگەیاندووە، ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای پاسداران لەو بنکەیە کوژراون، بەڵام بە فەرمی ژمارەی قوربانیان رانەگەیێندراوە.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش بڵاویانکردووەتەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بنکەی سوپای پاسداران لە گوندی (میرەدێ) و هەروەها دوو بنکەی پاسەوانیی سنوور لە ناوچەی (سەرشیو)ی سەقزیش بۆردوومان کراون.
 
هەر لە پارێزگای سنە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە شاری (دیواندەرە) چەند شوێنێک بە مووشەک کرانە ئامانج. لەنێو شار و دەوروبەری شاری (بیجاڕ)یش چەند شوێنێک بۆردوومان کران.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی راگەیاندنی پارێزگای سنە شەوی دووشەممە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 24 شوێن لەو پارێزگایە کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 45 کەس کوژراون.
 
پارێزگای کرماشان
 
رۆژی دووشەممە لەنێو شار و دەوروبەری کرماشان و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە، چەندین بنکەی سەربازی و ئەمنیی ئێران بە فڕۆکە و مووشەک کرانە ئامانج.
 
سەربازگەی سوپای پاسداران لە گۆڕەپانی ئیمام حوسێنی شاری کرماشان بە سەختی بۆردوومان کرا. بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە لە ماڵێکی نزیک سەربازگەکە تۆمارکراوە، بەهۆی بۆردوومانی سەربازگەکەوە زیان بە ژمارەیەک لە ماڵەکانی نزیک لەو سەربازگەیە گەیشتووە، بەڵام لەنێو خەڵکی سیڤیل دا زیانی گیانی نەبووە.
 
لە شاری جوانڕۆش دوانیوەڕۆی دووشەممە بنکەی سەرەکیی تیپی (ئەنسارئەلرەسول) سەر بە هێزی پیادەی سوپای پاسداران کرایە ئامانج. هەروەها دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، باڵەخانەی ئیتلاعات و مانگی سووری ئێرانیش لە شارەکە بۆردوومان کراون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەبووەتەوە.
 
پارێزگای ئیلام
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لە نێوەڕاستی شاری (سەراوڵە) لە پارێزگای ئیلام چەند شوێنێک بە فڕۆکە بۆردوومانکران. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، فەرماندەیی پۆلیس و بنکەی ئیتلاعات لە سەراوڵە کراونەتە ئامانج. 
 
میدیاکانی پارێزگاکە لە زاری بەرپرسانی سەراوڵەوە بڵاویانکردووەتەوە، هێرشەکە زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کوژرانی پێنج کەس پشتڕاستکراوەتەوە. 
 
پارێزگای لوڕستان
 
دوای نیوەڕۆی دووشەممە، سەربازگەی (باباعەباس) سەر بە هێزی پیادەی ئەرتەش لە خوڕەمئاوا بۆردوومان کرا. ئەو سەربازگەیە شوێنی کۆگەکردنی چەک و تەقەمەنیی لەشکری 84ـی پارێزگای لوڕستانە. شەوی رابردووش چەند جار ئەو سەربازگەیە بۆردوومان کرا.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی فەرماندەیی لەشکری 84ـی لوڕستان رایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا پێنج کەس لە هێزەکانیان کوژراون.