گەنجێک نزیکەی 10 ساڵە خزمەتی خێزانێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکات و دەیانباتە سەیران

 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێک لە سنووری حاجیاوای رانیە، ماوەی نزیکەی 10 ساڵە خزمەتی خێزانێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکات و بەمەبەستی دڵخۆشکردنیان لەگەڵیان دەچێتە سەیران، ئەو گەنجە دەڵێت، لەو ماوەیەدا تەنیا ئەو چەند وێنەیەی بڵاوکردوونەتەوە و پێشتر هەرگیز وێنەی بڵاونەکردوونەتەوە.
 
فەرمان عەلی گەنجێکی کاسبکاری سنووری حاجیاوایە، دووکانی پلاستیکیی هەیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 لە تاراوگە دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2012 دەست بە خزمەتکردن و سەردانکردنی بەردەوامی ئەو خێزانە دەکات کە هەموو ئەندامەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، خزمەتکردنی خێزانەکەش بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بووە.
 
خێزانەکە لە شەش کەس پێکدێن، دوو ئەندامیان کە باوک و کوڕێکن، بەهۆی نەخۆشیی شەکرە گیانیان لەدەستداوە. فەرمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو خێزانە جگە لە خۆشەویستی، پێویستیان بە هیچ شتێکی دیکە نییە".
 
 
لەو خێزانە شەش کەسییە، ئێستا دایک، کوڕێک و دوو کچ ماونەتەوە. کوڕەکە رۆژانە دەچێتە شوێنی پۆلیسی هاتووچۆ و لە شوێنی ترافیکلایتەکاندا رێنوێنیی شۆفێران دەکات، شۆفێرانیش گوێی بۆ دەگرن.
 
فەرمان عەلی، رۆژانە سەردانی ئەو خێزانە دەکات بەمەبەستی سەرپەرشتیکردن و ئاگاداربوونیان، ئەو گەنجەی حاجیاوا گوتی، هەندێک خەڵک دڵی ئەندامانی ئەو خێزانە تەنگ دەکەن و ئەوە بەلایەوە ناخۆشە، نموونەی بەوە هێنایەوە کە هەندێکجار بە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە (دایکەکە) گوتراوە "فەرمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا، یاخود ژنێکی دیکە دەهێنێت.. ئەو ژنەش یەکسەر هاتووەتە لام، بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، لە ئازار و ناڕەحەتییەکەی تێگەیشتووم و زانیومە کە بێتاقەت کراوە"، داوایکرد کە خەڵک رێز لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بگرن و خۆشەویستییان پێ ببەخشن.

 

 
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە دەردەکەوێت یەکێک لە براکان لەکاتی نەخۆشکەوتنی براکەی دیکەیدا، لە نەخۆشخانە لەلای ماوەتەوە، هاونیشتمانییەک بەناوی سەلام ساڵح نووسیویەتی "ڤیدیۆکە کاژێر 04:00ی بەیانی[ی رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2020] گرتوومە، چونکە هەموو 10 خولەک جارێک براکەی، کە ئارامی لێبڕابوو، هەڵدەستایە سەر سەری و بانگی دەکرد، کە بێ هیوا دەبوو لەوەی وەڵامی ناداتەوە، فرمێسکەکانی دەهاتنەخوار و دەگەڕایەوە سەر قەرەوێڵەکەی بەرامبەری و بە حەسرەتەوە دەیڕوانییە دۆخی براکەی".
 
 
سەلام ساڵح نووسیویەتی، وەک ئەوەی بەو گەنجە گوترابێت دواساتەکانی براکەیەتی، هەتاوەکو بەیانیی ئەو رۆژە نەخەوت و بەردەوامبوو لە بانگکردنی براکەی تاوەکو گیانی لەدەستدا.
 
وەکو ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، ئەو بیری لەوە کردووەتەوە کە ئەو خێزانە بێکەسن و بیریشی لەوە کردووەتەوە کە چۆن ئۆتۆمبێلێک پەیدا بکەن بۆئەوەی تەرمەکەی ببەن بۆ گۆڕستان، "دواتر کە بینیم هەزاران کەس و زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل لەدوای تەرمەکەیەوە دەڕۆن بۆ گۆڕستان، بیرم کردەوە کە ئەو بێکەس نییە و هەر کەسێک رۆژێک ئەوانی بینیبێت ئێستا کەسی ئەوانە".
 
لە ڤیدیۆیەکی دیکەشدا، کە وادیارە دوای مردنی یەکێک لە براکانە، برایەکیان بەکوڵ دەگری و تەنیا لە تەرمی براکەی رادەمێنێت.