گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار لەبارەی هێرشکردنە سەر کۆگەکانیان: کار ناكاتە سەر دابینکردنی بەرهەمەکانمان

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار رایدەگەیێنێت، ئەو رووداوەی لە کۆگاکانی رۆنی کاسترۆڵ لە هەولێر روویداوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانیان نابێت و دڵنیایی دەدەنە کڕیارەکانیان کە لە "دابینکردنی بەرهەمەکانیان بەردەوام دەبن."
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بە درۆن هێرشکرایە سەر کۆگاکانی رۆن و چەورەکەرەکانی "کاسترۆڵ"ـی سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار لە شاری هەولێر. گرووپەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رووداوەکە "لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئەواندا بووە."
 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لەسەر کارەکانیان، گرووپی سەردار دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان و کڕیارانی و دەڵێت: "ئەم رووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەردەوامیی خزمەتگوزاری و دابینکردنی بەرهەمەکانمان نابێت؛ کۆمپانیاکەمان پابەندە بە بەردەستبوونی بەرهەمەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، گرووپی سەردار بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ بۆ رۆنی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی کەرتەکانی کشتوکاڵ و بیناسازی.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە گرووپی سەردار کۆمپانیایەکی مۆڵەتپێدراوی کەرتی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە و ئامانجیان بەردەوامبوونە لە کارکردن و بەشداریکردن لە بەهێزکردنی ئابووریی نیشتمانی دا.