ئەڵمانیا: سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانهی کردووە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بهئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی نیسان بووە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، د. جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر به هێرشهكانى سەر هەرێمی کوردستان راگەیاندووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ڤۆن گایەر جەختی کردووەتەوە، "ئهڵمانيا بە بایەخەوە سەیری سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و پشتگيرى و هاوسۆزیی تەواوی وڵاتهكهى بۆ ههرێمى كوردستان دووپات کردەوە."
بەیانیی رۆژی شەممە، 28-03-2026 چەند هێرشێکی درۆنی کرانە سەر دهۆک، یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەو شارە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان لێکەوتەوە.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان "پێزانینی بۆ ئەو پەیوەندییە و هەڵوێستی دۆستانەی ئەڵمانیا دەربڕی و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ههرێمى كوردستان ههميشه خوازيارى ئاشتى و ئارامى بووه و كار بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى له عێراق و ناوچهكهدا دهكات."
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخى سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستان و دوایین پێشهاتهكانى شهڕ و لێكهوتهكانى، تهوهرێكى ديكهى پهيوهندييهكه بووە.