سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی مووشەکیی ئێرانی لە کرماشان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچەی کرماشان لە رۆژئاوای ئێران، (رۆژهەڵاتی کوردستان) فەرماندەیەکی باڵای یەکەکانی مووشەکیی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل راگەیێنداوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، هێرشەکە لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بە وردی ئەنجامدراوە و تێیدا "موکەرەم عەزیمی"، فەرماندەی یەکەیەکی ناوەندیی مووشەکی لە رۆژئاوای ئێران، کراوەتە ئامانج و کوژراوە. ئیسرائیل عەزیمی بە بەرپرسیار لە ئاراستەکردنی دەیان مووشەکی بالیستی بۆ سەر خاکەکەی تۆمەتبار دەکات.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەدا، ژمارەیەک لە فەرماندەی هێزی موشەکە بالیستییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، ئەو فەرماندانە بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی چەندین هێرشی موشەکی بۆ سەر ئیسرائیل.
تاوەکوو ئێستا لایەنی فەرمی لە ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی کوژرانی ئەو فەرماندە سەربازییەیان لە کرماشان بڵاونەکردووەتەوە.