بەهۆی کێشەی بارهەڵگرەکانەوە تەنیا لە دهۆک نزیکەی 20 هەزار کەس بێ کار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە 15ـی نیسانەوە مۆڵەتی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکان بۆ ناوچەکانی عێراق کۆتایی هاتووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی کۆگە، کۆمپانیاکان و بازرگانانیش داناوە.
بابەتەکە بەم جۆرەیە کە چیدیکە بارهەڵگر ناتوانن لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بار ببەن بۆ ناوچەکانی عێراق، تەنیا ئەو بارانە رێگەیان پێ دەدرێت کە سیل و کۆدی تایبەتیان هەیە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووشەوە وەرگرتنی کۆدی تایبەتی بارهەڵگرەکان دەبێتە ئۆنڵاین و شوفێران دەتوانن لەوێوە وەریبگرن.
یاداشتێک لەسەر کێشەکە دراوەتە سوودانی؛ "پێچەوانەی دەستوورە"
لە کۆتایی ئەم مانگەوە شێوازی وەرگرتنی فۆرمی کیوئاڕ کۆد دەکرێتە ئۆنڵاین، د. سەلاحەدین ئەحمەد، راوێژکار لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت، بڕیاری دانانی 'کیوئاڕ' کۆد و رێگریکردن لە بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان لە بازگەکان، پێچەوانەی مادەیەکی ئاشکرای دەستوورە کە مادەی 24ـە "دەبێت گواستنەوەی بەرهەم و سەرمایە لەنێو هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق دەبێت ئازادانە بێت".
دەشڵێت، "لە یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراق باسی ئەم بابەتەمان کردووە. ئەم جۆرە بازگانە لەنێوان شارەکانی عێراق نین".
راوێژکارەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئەم بڕیارە لەگەڵ جموجووڵی بازرگانی "ناگونجێت"، چونکە کاڵاکان سەرەتا لە کۆگەکان دادەنرێن و بەپێی خواست رەوانەی شارەکان دەکرێن. ناکرێت هەمووی بە یەکجار رەوانە بکرێن.
تەنیا لە دهۆک بڕیارەکە نزیکەی 20 هەزار کەسی بێ کار کردووە
كێشەکە زیاتر لە دهۆک زەق بووەتەوە چونکە دەروازەیەکی گرنگە بۆ ناردنی بار و بەرهەمی نێوخۆ بۆ شارەکانی دیکەی عێراق، بەو هۆیەوە نزیکەی 20 هەزار کەس لە دهۆک بێکار بوون.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، زۆربەی کارگە و کۆمپانیاکان لە دهۆک کرێکارانیان ناردووەتەوە ماڵەوە، خاوەنی کارگەیەک لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "پێمان گوتراوە دەبێ دووبارە خۆتان تۆمار بکەنەوە، بەدواداچوونمان کرد پێیان گوتین دەبێ بە بار کۆدێکەوە کاڵا بنێرن، لە بارکۆدەکەدا هیچ رەسیدێکی کۆمپانیامان بۆ دانەنراوە و رێگەنادرێت بارەکانمان بنێرین".
بەپێی گوتەی سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە 15ـی نیسانەوە تاوەکو 30ـی هەمان مانگ نزیکەی 20 هەزار کرێکار بێ کار ماونەتەوە، کۆمپانیا هەیە 300 بۆ 400 کرێکاری هەبووە و هەموویان رەوانەی ماڵەوە کراوە، "چارەسەر ئەوەیە کە رێککەوتنێک بکرێت".
لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، "ئەو بڕیارەی دراوە 90٪ـی جووڵەی بازرگانی لە پارێزگاکە پەکخستووە".
ژوورە بازرگانییەکان هۆشداری دەدەن؛ "ئەوەی دەکرێت لێدانە لە ئابووریی کوردستان"
ئەو رێگەنەدانەی تاوەکو ئێستا بەردەوامە زیانی گەورەی هەبووە وەکو ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق دوای ئەو بڕیارە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، هەنگاوی دیکە دەنێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیارەکانی عێراقی پەسند نەکردوون".
بەگوێرەی بڕیاری حکومەتی عێراق، بازرگانانی هەرێمی کوردستان کە کاڵا هاوردە دەکەن، دەبێت لە 72 کاژێردا هەمووی بگەیێننە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
شوکری جەمیل دەڵێت، "حکومەتی عێراق بە پاساوی جیاواز رێگە نادات ئەو شتومەکانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ببرێنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
هەروەها مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان باس لەوە دەکات، بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە کۆگەکان لە هەرێمی کوردستان چۆڵ بوون. بازرگانان لە پارێزگاکانی عێراق کۆگە دەگرن و شتومەک راستەوخۆ دەبەنە ئەوێ، بەهۆی ئەوەی کۆگەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون "زیانێکی زۆر بەر هەرێمی کوردستان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کەوتووە".
بەرپرسێک لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێگری لە هەموو دەروازەکانەوە بەردەوامە، نەوەک تەنیا بۆ بەرهەمی هاوردەکراو، ئاستەنگی بۆ بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش دروست دەکرێت".
هۆکارەکان و مەرجی بانکی ناوەندی
مەیسەم بۆڵانی، سەرۆکی راوێژکارانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق، 22ـی نیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بار و کاڵایانەی لە ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن، دەبێت سیل (قوفڵ)ی گومرگییان هەبێت. ئەو سیلە نابێت بکرێتەوە تاوەکو بارەکە دەگاتە بازگەی بەنداو کە دەکەوێتە نێوان دهۆک و موسڵ، لەوێ سیلەکە دەکرێتەوە".
سیل، قوفڵێکە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردە دەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى، پێویستیشە لە ماوەی 72 کاژێر بگەیێندرێنە ئەو بازگانە.
لە 11ی ئادارى 2025ـەوە بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى راگەیاندووە و لەو کاتەوە کاری پێدەکرێت، لەمەودوا دەبێت بە کۆمەڵێک مەرجەوە لە هەرێمی کوردستانەوە ببرێنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.