بەنگین رێکانی بۆ رووداو: داهاتی ناوخۆ نابێتە رێگر و مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەڵکەوت عەزیز-سۆلین حەمەدەمین
هەڵکەوت عەزیز-سۆلین حەمەدەمین
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، دڵنیایی دا کە پرسی داهاتی ناوخۆ نابێتە رێگر لە خەرجکردنی مووچە و گوتی: "مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێت و داهات نابێتە کێشە."
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: سبەی داهاتی نانەوتی مانگی نیسان دیاری دەکرێت. داوای هەمان میکانیزمی مانگی پێشوو دەکەن کە 50٪ـی داهاتی ناوخۆی بۆ بەغدا بنێرن.
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیان:"سبەی داهاتی نانەوتی مانگی نیسانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت. نووسراوێک دەدەینە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و داهاتی نانەوتی تێدا دیاری دەکەین و ئەوکاتە دانوستاندنەکان دەستپێدەکات."
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، ئەوان داوا دەکەن لەسەر هەمان میکانیزمی مانگی رابردوو داهاتەکە دیاری بکرێت کە بریتییە لە ناردنی 50٪ـی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا، بەڵام گوتی: "جارێ نازانین بەغدا قبووڵی دەکات یاخود نا."
لە لایەکی دیکەوە، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، دڵنیایی دا کە پرسی داهاتی ناوخۆ نابێتە رێگر لە خەرجکردنی مووچە و گوتی: "مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێت و داهات نابێتە کێشە."
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق چەند مەرجێکی هەیە کە بریتین لە: ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی.