لەگەڵ داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، بازاڕی پاسکیل فرۆشان گەرم دەبێت

رووداو - سلێمانی

ساڵانە دوای تاقیکردنەوەکان، دەرگای قوتابخانەکان دادەخرێن و وەرزی پشووی خوێندکاران دەستپێدەکات، لەو وەرزەشدا بازاڕی فرۆشتنی پاسکیل گەرم دەبێت.

لە وڵاتانی خۆرئاوا شەقامی تایبەت بە پاسکیل لێخوڕین هەیە، بۆیە خوێندکاران داواکارن شەقامی تایبەتیان بۆ لێخوڕینی تایبەت بە پایسکیل بۆ فەراهەم بکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر چەند لایەن هەوڵیاندا خەڵک لەسەر پاسکیل رابهێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و دیاردەی پاسکیلسواری تاوەکو ئێستا تەنیا لەناو منداڵاندان رەنگی داوەتەوە.

پشووی خوێندن ، وەرزی بازاڕگەرمی پاسكیل فرۆشانە، چونكە هەندێك لە خوێندكاران ئەو دیاریەی بەهۆی سەركەوتنیان لە خوێندن لە كەسوكاریان داوای دەكەن، پاسكیلە .

لاوان شاخەوانیی خوێندكار دەڵێت" لە منداڵیەوە پاسكیل لێدەخوڕم، زۆرم حەز لێیەتی، بەزۆری ئەو كاتانە لێیدەخورم، كە مەكتەبم تەواو دەبێت"

لاوك حەسەنی خوێندكار حەزدەکات" جادەیەك هەبێت، ئێمە بە پاسكیل هاتووچۆی تێدا بكەین، ئەو كەسانەی بەئۆتۆمبێل هاتووچۆ دەكەن حەز دەكەم بە پاسكیل بێن و بڕۆن "

لە وڵاتانی رۆژئاوا شەقامی تایبەت بە پاسكیلسواری هەیە، جگە لەوەش دەبێت ئەوانەی ماتۆڕ و پاسكیل لێدەخوڕن كڵاو و جلوبەرگی خۆپاراستن بەكاربهێنن، كە ئەمانە لە كوردستان زۆر بەكەمی خەڵك رەچاوی دەكەن،  لەگەڵ ئەوەی هێشتا بەكارهێنانی پاسكیل بۆ گەورەكان نەبووتە كولتوور ئەوەش وایكردووە دووكانی پاسكیل فرۆشی منداڵان گەرمتر بێت .

ئاسۆ كامیل فرۆشیاری پاسكل دەڵێت " بەگشتی فرۆشتنی پاسكیل زۆر باشە، ئەویش كاتی خۆی هەیە، سێ‌ مانگی کۆتایی بۆ چوار مانگ فرۆشی هەیە هەم كاتی پشووە و هەمیش تاقیکردنەوەکان تەواو بووە"

پێشتر چەندین رێكخراوی ژینگە و تەنانەت هەندێك لە قاوەخانەكانیش هەوڵیاندا لەسەر نەریتی بەكارهێنانی پاسكیل خەڵك رابهێنن ، بەڵام وەك خۆیان دەلێن" هەوڵەكان سەركەوتوو نەبوون، چونكە ئەوان چاویان لە شەقامەكان بوو گۆڕانكاری تێدا بكرێت".