فراکسیۆنە ئیسلامییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانیان بەجێهێشت
رووداو- هەولێر
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 2-6-2015-ی خۆیدا تاوتوێی قەرزی نێودەوڵەتی دەکات، بەڵام هەرسێ فراکسیۆنە ئیسلامییەکەی پەرلەمان دژی ئەو پڕۆژە یاسایەن و کۆبوونەوەی پەرلەمان-یان بەجێهێشت.
فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەو پڕۆژە یاسایە رەتدەکەنەوە و بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر پڕۆژە یاساکە کۆبوونەوەی پەرلەمان-یان بەجێهێشت، بەڵام پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" زۆرینەی پەرلەمانتاران لەگەڵ پڕۆژە یاساکەدان".
مەروان گەڵاڵی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان سازکرابوو گوتی" ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی، قسەی خۆمان لە هۆڵی پەرلەمان کرد، بڕوامان وابوو کە لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا پارەیەکی خەیاڵی هاتوەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام نەتوانراوە بەو پارەیە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانی پێ بەرز بکرێتەوە، هەروەها سەرچاوەی وەرگرتنی ئەو پارەیە دیار نییە و شێوازی خەرجکردنەکەیشی دیار نییە".
گەڵاڵی هەروەها گوتی" ئەو قەرزە نێودەوڵەتییە سووی دێتە سەر و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان کە وێرانە، وێرانتری دەکات".
هەروەها شوان قەڵادزەیی سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەنگ بە پڕۆژە یاساکە دەدەن تۆمەتبار کرد بە کاری بێ شەرعی و گوتی" ئەو پڕۆژە یاسایە ئەگەر پەسەند بکرێت، هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەستیان بۆ بەرزکردوەتەوە لێی بەرپرسیارن، چونکە ئەوە بابەتێکی شەرعییە و هیچ حسابێکیش بۆ زانایان و لێژنەی فتوا و شەرع نەکراوە لە هەرێمی کوردستان".
قەڵادزەیی گوتیشی" ئومێدەوارین ئەو پەرلەمانە نەبێتە هۆی دەرخواردنی پارەیەکی حەرام بە گەڵی کوردستان".
هەندی لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکەیش دژی ئەو پڕۆژە یاسایە وەستانەوە و جوان ئیسماعیل پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی" من لەگەڵ پڕۆژە یاساکە نیم، ئەو پڕۆژە یاسایە لایەنی خراپی زۆری هەیە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان، کوالێتی ژیانی هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسیی و کاریگەری لەسەر سیادەی نیشتمانی و کاریگەری لەسەر بڕیاری دارایی و سیاسی دەبێت.
بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆكردن بوو لەسەر پڕۆژه یاساى راكێشانی مایه له رێگای قهرزكردن له ههرێمی كوردستان، بهپێى ماددهكانى (72، 74 و 75)، له پهیڕهوى ناوخۆى پهرلهمانى كوردستان ژماره (1)ى ساڵى 1992ى ههمواركراو.