گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ھاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە 1ی تەممووزی داهاتووەوە گرێبەستکردنی ئەلکترۆنیی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و کار بە گرێبەستی کاخەز ناکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی حوزەیرانی 2021، عەمید فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی ھاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی بڕیارێکی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو لە 1ی ئەم مانگەوە سەرجەم کارەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە کۆمپانیا و شوێنەکانی مامەڵەکردن بە ئۆتۆمبێلەوە بە ئەلیکترۆنی دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ئامادەکاری و کاری بەشێک لەو کۆمپانیایانە، ئەو بابەتە سەرەتای مانگی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی ھاتووچۆی سلێمانی گوتیشی، "بەپێی سیستەمە نوێیەکە، هەرکەس ئۆتۆمبێل دەکڕێت، دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا بەناوی خۆی بکات و لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ھاتووچۆ خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکە بگوێزێتەوە سەر ناوی خۆی، ئەگەرنا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە، چونکە پێشتر چەندین کێشەمان بەهۆی ئەوەوە بۆ دروستبووە کە کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشت و دواتر بەناوکردن گرفتی بەدوای خۆیدا دەهێنا".
 
سەبارەت بە شێوازی تۆمارکردنەکە، عەمید فەرەیدوون عومەر  گوتی، "کۆمپانیاکان لەڕێگەی کۆدێکەوە داخڵی سیستەمی وەزارەتی ناوخۆ دەبن و ئیدی مامەڵەکە دەکەن".