مەلا مەسعود: جەماوەرم دوو ملیۆن كەسە
مەلا مەسعود كانی كوردەیی دەڵێت جەماوەری من لە كوردستان دەگاتە دوو ملیۆن كەس، راشی دەگەیەنێت دوو جار هەوڵی تیرۆر كردنی دراوە و خوا رزگاری كردووە، دەشپرسێت ئەگەر بكوژرێت پارتی چ جوابی جەماوەرەكەی دەداتەوە.
مەلا مەسعود كانی كوردەیی، پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی محەممەد فەوزی لە شاری هەولێر لە دیمانەیەكی رۆژنامەی باسدا كە رۆژنامەنوس رێبەند سەعدوڵا، ئەنجامیداوە دووپاتی دەكاتەوە دووەمین جارە هەوڵی تیرۆكردنی دەدرێ و پۆلیس و ئاسایشیش لێكۆڵینەوەیان كردووە و ئاگادارن، كەچی ناسنامەی تاوانبارەكە ئاشكرا ناكەن و تا ئێستا كەسیان نەگرتووە.
دەشڵێت:"ژیانم لە مەترسیدایەو رەنگە جاری سێهەم بكوژرێم".
مەلا مەسعود پارتی بە بەرپرسیاری گیان و ماڵی خۆی دەزانێت و دەڵێت:"ئاسایش دەزانێ خەڵك لەناو ماڵەكەی چ دەكات و چ دەخوات و فكر لە چ دەكاتەوە، چۆن نازانن كێیە تەقەی لەمن كردووە و دوو جارە 200 گوللە لەناو دیوەخانەكەم دەدەن، خۆ بەرەڵایی نییە چاوەكەم، ئەگەر بكوژرێم پارتی چ جوابی ئەو ملیۆنان كەسە دەداتەوە، خۆ هەموویان لە حكومەت دەبنە دووژمن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە باس لە كاندیدكردنی دەكرێت بۆ ئەندامییەتی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان ، گوتی:"من سەر بە هیچ حیزبێك و لایەنێك نیم و تەنیا كوردم، تا دەمرم خۆم بۆ هیچ شتێك كاندید ناكەم و مەحاڵە هیچ پۆستێك وەربگرم، ئەگەر من قبوڵ بكەم ببمە ئەندام پەرلەمان كەواتە ئەوەی لەسەر مینبەر گوتوومە هەمووی درۆ بووە، دەبێ داعی تەنیا بۆ خۆی بێت، ئەگەر من مەبەستم پۆست بێت لەو هەولێرەی خۆم بۆ پۆستی پارێزگاری هەڵبژێرم دەردەچم و 99% ی هەولێر دەنگم پێدەدەن، سەدان كەس داوایان لێكردووم خۆم بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر هەڵبژێرم قبوڵم نەكردووە".