لە کۆنگرەی نێودارانی کورد لە سنە 30 کەسایەتی کورد خەڵات دەکرێن
رووداو - سنە
یەکەمین کۆنگرەی نێودارانی کورد لە پارێزگای سنە دەستیپێکرد و بۆ ئەمساڵیش 30 کەسایەتی کورد خەڵات دەکرێن.
عەدنان بەرزنجی، سەرۆکی بەشی کوردی لە زانکۆی سنە و سەرپەرشتیاری کۆنگرەی ناودارانی کورد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا سێ پانێلی زانستی تایبەت بەڕێوەدەچن، کە لەبارەی هونەر، زمان و ئەدەبیات، مێژوو و ئایینن".
سەرۆکی بەشی کوردی لە زانکۆی سنە دەڵێت: "هونەرمەند مەزهەر خالقی یەکێک لەو ناودارانەی بانگهێشتی کۆنگرەکە کراوەبەشێوەی کاتی هاتووە و چەند رۆژێک دەمێنێتەوە و پاشان دەگەڕێتەوە". گوتیشی "خەڵک حەز بەوە دەکەن هونەرمەند مەزهەر خالقی بە یەکجاری بگەڕێتەوە، بەڵام رەنگە خۆی دەرفەتی ئەوەی نەبێت یان بۆی نەکرێت".
شەوی رابردوو مەزهەر خالقی هونەرمەندی ناسراوی کورد دوای نزیکەی 40 ساڵ لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری سنە گەیشتەوە زێدی لە دایکبوونی. سەرۆکی بەشی کوردی زانکۆی سنە دەڵێت، هەوڵدەدەن کە بە یەکجاری خالەقی بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، بەڵام رەنگە خۆی دەرفەتی ئەوەی نەبێت یان بۆی نەکرێت بەیەکجاری بگەڕێتەوە.
لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا سێ پانێلی تایبەت، کۆنسێرتی مۆسیقا لە ئەمارەتی خەسراوا، پێشانگەی جواننووسی لە کەڵەپیاوانی هونەرمەندی کورد و ئێرانی بە زمانی کوردی و، پێشانگەی وێنەیی کەڵەپیاوان و ناودارانی کورد لە ماڵی کورد بەڕێوەدەچێت.
هەروەها پارکی ناودارانی کورد لە بناری کێوی ئاویەری سنە دەکرێتەوە کە پەیکەری هەندێ لە ناودارانی کوردی تێدا دادەنرێت کە دروستکراوی پەیکەرسازی بەناوبانگی کورد هادی زیائەدینییە.
بەهمەن مرادنیا، پارێزگاری سنە و رێکخەری کۆنگرەی نێودارانی کورد رایگەیاند: " پەیامی کورد ئاشتی و یەکگرتووییە و ئامانجی کۆنگرەکەش ناساندنی زیاتری کوردە".
هەروەها سید محەممەد حوسێنی شەهروودی، نوێنەری رێبەری ئێران لە پاریزگای سنە لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا رایگەیاند: "کورد دۆستی ئێمەن".
بڕیارە مەزهەر خالقی، هونەرمەند و کەلیموڵڵا تەوەحوودی، نووسەری بەناوبانگی کوردی خۆراسان، کەیهان کەلهووڕ ژەنیاری بەناوبانگی کەمانچە، شارام نازری هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، عەزیز شاڕۆخ، عەتا نەهایی، پەرتۆ کرماشانی و بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێستای ئێران کە کوردی کرماشانە خەڵات بکرێن.
بۆ یەکەمینجار کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەم دوو رۆژەدا چەندین توێژینەوە و گفتوگۆ سازدەكرێت لە بارەی ناودارانی كورد ئەوانەی دەستیان هەبووە لە بووژانەوە و پاراستنی نەتەوە و كولتوور و مێژوو و زمانەكەی.