داعش لە سەعدیە چەند ژنێك ناچار بە سێكس دەكات

رووداو- ئاژانسەكان

چەكدارانی داعش لەناحیەی سەعدییە پێنج ئافرەت دەڕفێنن و دوو بژاردە دەخەنە بەردەمیان، یان دەبێت سێكسیان لەگەڵ بكەن، یاخود بچنە رێزەكانیانەوە.

رەشا عەلوان كە سەرۆكی رێكخراوێكی مرۆییە لە پارێزگای دیالە رایگەیاند: "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە ناحیەی سەعدییە پێنج ئافرەتیان رفاندوون و دواتر پێیان گوتوون‌ یان دەبێت لە ژێر ناوی جیهادی نیكاح سێكسیان لەگەڵ بكەن، یان دەبێت بچنە ریزەكانیانەوە"‌.

عەلوانی ئاماژەی بەوەشكردووە كە "ماوەیەك پێش ئێستاش چەكدارانی داعش هەر لەو ناوچەیە كچێكی 15 ساڵەیان رفاندبوو و ناچاریانكردبوو سێكسیان لەگەڵدا بكات".

سەرۆكی  رێكخراوەكە روونیشیكردووەتەوە كە ئافرەتانی ئەم ناوچەیە بە تایبەت شارۆچەكەی سەعدییە لە ترسی رفاندنیان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ناوێرن لە ماڵەكانیان بچنەدەرەوە ‌و ژیانیان لە مەترسیدایە.

بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی دەست رێكخراوەكەیان كەوتوون عەلوانی راشیگەیاندووە ، لەو كاتەوەی كە چەكدارانی داعش دەستیانگرتووە بەسەر شارەدێی سەعدیەدا، نزیكەی 70 حاڵەتی رفاندن و دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتانی ئەو شارەدێیە روویداوە.