کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان شەقامەکانی دهۆک رەنگ دەکەن

رووداو - دهۆک

لە یادی سێ ساڵەی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی، چەند چالاکییەک لە دەرەوە و ناوەوەی کامپی ئاوارەکان ئەنجامدەدرێن.

رۆژی 3-8-2017  سێ ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر شنگال تێدەپەڕێت، کە لەو هێرشەکەدا سەرەڕای کۆمەڵکوژی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزدی زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی دیکە رفێندران، لەو ژمارەیەش زیاتر لە سێ هەزار و 70 کەس رزگارکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی نزیکەی سێ هەزاری دیکە دیار نییە.

بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 10:00 لە کەمپی شاریا چالاکییەک لەنێو رزگاربووانی دەستی داعش ئەنجامبدرێت، هەر ئەمڕۆ لە شاری دهۆک گرووپێکی 80 کەسی، کە کوردی ئێزدی و کریستیانیشیان تێدایە، وەکو سیمایەک بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی باشووری کوردستان هەڵمەتێکی پاککردنەوە و جوانکردنی شار ئەنجامدەدەن.

هاوکات رۆژی پێنجشەممە 3-8-2017 ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆر لەنێو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکرێت، کە لەسنووری ئەو پارێزگایە زیاتر لە 350 هەزار کوردی ئێزدی هەن، ماوەی سێ ساڵە لەو سنوورە بە ئاوارەیی ماونەتەوە و ماوەی دوو ساڵیشە ناوچەکانیان کۆنترۆڵکراوەتەوە، بەڵام چارەنووسی بەشێک لە ناوچەکانیان دیار نییە بەو پێیەی سێ هێزی جیاواز لە ناوچەکەدا هەن.

لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی شنگال 47 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام دیارنییە گۆڕەکان چەند تەرمیان تێدایە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود