بێئاوی تەنگی بە دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان هەڵچنیوە
رووداو - رواندز
دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان بێئاوی تەنگی پێ هەڵچنیون؛ لەژێر پیسیدا ئاوی خواردنەوە بۆ یەکێک لە قەرەباڵخترین گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان لە رواندز دەڕوات، سەرباری پیسییەکەش ئاوەکە بەشی گوندەکەش ناکات.
جەرجیس حەمەدەمین، دانیشتووی یەکێک لە گوندەکان دەڵێت، "لەنێو گوند دەیان تانکەر ئاو دەهێنن بۆ ئەو خەڵکە، ئێستا لەنێو گوند خەڵک بە پارە ئاو دەکڕن."
ساڵح حەسەن، دانیشتووی گوند ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا زۆرینەی خانووەکانی ئەو گوندە چۆڵ بوون، هۆکارەکەی ئەوەیە ئاو نییە، خێزان هەیە بەڕاستی کەمدەرامەتە، هەموو شتێک دەکڕێت، ئاویش بکڕێت بۆی دەرناهێنێت."
بەشێک لە چۆم و دۆڵەکانی گوندەکانی دۆڵی ئاکۆیان تاوەکو سێ ساڵ بەر لە ئێستا رووبارێک ئاویان پێدا دەڕۆیشت و ئێستا وشکن. وشکەساڵی بەشێک لە درەختەکانی ئەو سنوورەی وشک کردووە. پڕۆژە و شوێنە گەشتیارییەکانیش لە بێئاویدا چۆڵ و بێ گەشتیارن.
لە ساڵی 2013وە پڕۆژەی گەیاندنی ئاو لە بێخاڵەوە بۆ دۆڵی ئاکۆیان دەرچووە و تائێستا جێبەجێ نەکراوە.
هۆگر مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری ئاوی رواندز رایگەیاند، "پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان پێنج جار دراوەتە تەندەر و چەند کۆمپانیایەکی تایبەتیش داواکران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی بیخاڵ بۆ ئاکۆیان، بەڵام لەبەر کەمیی گوژمەی پارەی پڕۆژەکە و گەورەیی پڕۆژەکە، هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبوو بەو گوژمەیە کار بکات. ئێستاش بە بەردەوامی کارمان لەسەر ئەوە کردووە لەکاتی وشکەساڵی، لەڕێگەی تانکەر ئاویان بە بەردەوامی بۆ دابین دەکەین."
لە دۆڵی ئاکۆیان 9 گوند هەن، لە قەرەباڵخترین گوندەکانی سنووری قەزای رواندزن، سەرچاوەی ئاوی بەشی زۆری ئەو گوندانە وشکبوون و بە تانکەر ئاویان پێ دەدرێت.