مۆنۆمێنت بۆ شەهیدانی كوردی فەیلی دروستدەكرێت

سەمیع زوبێر
رووداو ـ شەفەق نیوز

وەزارەتی رۆشنبیری عێراق رایگەیەنێ بەنیازە لەشاری كەركووك مۆنۆمێنتێك بۆ شەهیدانی كوردە فەیلییەكان دروست بكات.
لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق كوردانی فەیلی بەپاساوی ئەوەی شیعە مەزهەبن و لایەنگری ئێرانن رووبەڕووی راگواستن و ستەم بوونەتەوە، لەساڵانی 1970 و 1975 لەسەردەمی حوكمی ئەحمەد حەسەن بەكرو دواتر لەسەردەمی حوكمی سەدام حوسێن لەساڵی 1980 لەعێراق دەركراون و رەگەزنامەشیان لێسەنراوەتەوە.
 
فەوزی ئەتروشی، جێگری وەزیری رۆشنبیری عێراق رایدەگەیەنێت لەمیانی دیدارەكەی لەگەڵ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك، بڕیاردراوە مۆنۆمێنتێك بۆ شەهیدانی كوردە فەیلیەكان دروست بكرێت لەگەڵ تەرخانكردنی پارچە زەوییەك بۆ دامەزراندنی سەنتەرێكی رۆشنبیری.
ئەتروشی گوتیشی" بریاریشدرا پەیكەرێك لەلایەن پەیكەرتاش خالید موبارەك دروست بكرێت و گوزارشت لەپێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی شارەكە بكات.  
وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق لەساڵی 1947 ژمارەی كوردە فەیلییەكانی بە 30 هەزار كەس داناوە بەو پێیە ئەوكات لە 6،0% دانیشتوانی عێراقیان پێكهێناوە كە 14 هەزاریان لەناو شارەكان ژیاون و  16 هەزاریشیان لەگوندەكان ژیاون.  
فەیلیەكان هاووڵاتی رەسەنی عێراقین و لەناوچەكانی جەلەولاو خانەقین و مەندەلی و بەدرەو جەسان و كوت و نەعمانیەو عەزیزییە نیشتەجێن، لەبەغداش لەشەقامەكانی مەلیك غازی و سەدریەو عەگدی كوردان و گەڕەكی جەمیلە نیشتەجێن.