​ پێشبیندەکرێت لە دهۆک پازدە هەزار تۆن برنجی کوردی بەرهەمبێت

رووداو - ئاکرێ 

بارانی ئەمساڵ، بارانی رەحمەت بووە بۆ بەشێکی جووتیاران و ئەوەندەی ئاو دابینکردووە، جووتیار بەرهەمێکی بەبەها بچێنێت کە لە بازاڕ خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەویش برنجی کوردییە.

چاندنی برنجی کوردی لە پارێزگای دهۆک زیادیکردووە و بەتایبەتی لە قەزای ئاکرێ کە بە برنجی کوردی بەنێوبانگە، گەیشتووەتە دووهێندەی ساڵی رابردوو. جووتیاران داوا لە حکومەت دەکەن بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نرخ و خستنەڕوو، میکانیزمێکی گونجاو بۆ بەبازاڕکردنی ئەو بەرهەمە بدۆزێتەوە.

عەبدولقادر ئەحمەد، جووتیارێکی ناحیەی کەڵەکچیە و ئەمساڵ دوو دۆنم زەوی برنجی چاندووە، کە ئەمەش دوو هێندەی ساڵی رابردوویەتی، عەبدولقادر دەڵێ "ئەمساڵ بەرهەمی برنج باشە، چونکە باران زۆر باریوە و ئاو زۆربووە نەک وەکو ساڵی رابردوو. پار بە ماتۆڕ برنجمان ئاودەدا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆریی ئاو، جۆگەمان لێداوە".

لە بازاڕەکانی کوردستاندا، پێنج جۆر برنجی کوردی هەن (شەش مانگی، سەدری، کەسنەدیتی، سێ مانگی و تەحالوف)، کە نرخیان بەراورد بە برنجی هاوردەکراو بەرزترە، بەڵام بەگشتی هاونیشتمانییان زیاتر خواستیان لەسەریان هەیە و پێیان وایە تەندروستترن. کیلۆی برنجی کوردی بەپێی جۆرەکەی لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار دینارە.

زەویی حاجی سەعید، جووتیارێکی کەڵەکچی، دوای حەوت ساڵ ئەمساڵ ئاوی پێگەیشتووەتەوە، بۆیە ئەویش دەستی داوەتە برنج چاندن و، شەو و رۆژ خەریکی دوو بۆ سێ دۆنم زەویەکەیەتی، کە برنجی تێدا چاندووە. حاجی سەعید دەڵێ "ساڵانی رابردوو ئاو کەم بوو، بۆیە برنجمان نەدەچاند، ئەمساڵ بەپێچەوانەوە، جگە لە برنج خەڵکیش هەیە ماش و کونجیشی چاندووە".

وەرزی پاییز، وەرزی خستنەبازاڕی برنجی کوردییە، بەڵام بەپێچەوانەی زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە بەرهەمی برنج لەکاتی زۆربوونی، نرخەکەی زۆر دانابەزێت. سەیفوڵڵا رەمەزان، هاونیشتیمانییەکە و دەڵێ "برنجی کوردی خۆشە، بەڵام بەهۆی گرانییەکەی خەڵک ناتوانێت بیکڕێت، تەنیا وەرزی پاییز هەرزانە، دەبێت حکومەت هاوسەنگییەک لەنێوان جووتیار و هاونیشتمانییان دروستبکات تاوەکو هەموو خەڵک بتوانن برنجی کوردی بکڕن".

هاونیشتمانییەکی دیکە، کە ناوی هەوار شەعبانە و خاوەنی دووکانی فرۆشتنی خۆراکە، دەڵێ "دوای 20 رۆژی دیکە، برنجی ئەمساڵ دەکەوێتە بازاڕ. ئەمساڵ برنجێکی زۆر چێنراوە بەڵام کەمێک گرانە، ئێستا یەک کیلۆی برنجی کوردیی باش بە سێ هەزار دینارە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە. پێش ئێستا برنج تەنیا بۆ هەولێر و سلێمانی هەناردەدەکرا، بەڵام ئێستا بۆ دهۆک و پارێزگاکانی باشووری عێراقیش هەناردە دەکرێت".

ئەمساڵ جووتیارانی دهۆک 19 هەزار دۆنم زەویان بە برنج چاندووە و، پێشبینی دەکەن 15 هەزار تۆن برنجی کوردی بەرهەمبهێنن.

جووتیارانی ئاکرێ لە ریزی یەکەمی ئەو جووتیارانەن کە ئەمساڵ زۆرترین بڕی برنجیان چاندووە. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری چاندنی ئاکرێ دەڵێ "رووبەری زەوی ئەوساڵ کە برنجی تێدا چینراوە بەڕێژەی 100% لەچاو ساڵی رابردوو زیادبووە و گەیشتووەتە نۆ هەزار دۆنم، هۆکاری سەرەکیشی ئەو بارانە بوو کە ئەمساڵ باری و بەهۆیەوە رووبارەکان و کانییەکان ژیانەوە. بەهای برنج گران بووە و هێزی کڕینی خەڵکیش زیادبووە، بۆیە پێشبینی دەکەین ئەمساڵ دوو هەزار تۆن برنج لە ئاکرێ بەرهەمبێت".

ساڵی رابردوو 11 هەزار و 726 دۆنم زەوی کشتوکاڵیی دهۆک برنجی تێدا چێنرابوو، بەرهەمی برنجی کوردی لەو پارێزگایە گەیشتبووە نۆ هەزار و 382 تۆن.

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار