گوتەبێژی زێرەڤانی: دادگە داوای هیچ کەسێکی لەبارەی کوژرانی جوانڕۆ باڵەبان لێنەکردووین


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایگەیاند، هیچ دادگەیەک داوای هیچ پێشمەرگە یان پلەدارێکی زێرەڤانی نەکردووە تا بچێتە بەردەم دادگە و ئەگەر شتی وا هەبێت، ئەوا ئامادەن کەسی داواکراو بنێرنە دادگە.
 
ئەو قسانە وەڵامدانەوەی پارێزەری کەیسی جوانڕۆی باڵەبان بوو کە لە وەزارەتی پێشمەرگە بوو و مانگی ئایاری رابردوو بە کوژراوی تەرمەکەی لەنزیک دێگەڵە دۆزرایەوە.
 
عەمید دێدەوان خورشید، گوتەبێژی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، 2ی ئەیلوولی 2021، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەکانی پارێزەری کەیسی کوژرانی هونەرمەند و ئەندامی تیپی جوقەی وەزارەتی پێشمەرگە کە رۆژی 22ی حوزەیرانی 2021 تەرمەکەی لە نزیک دێگەڵە دۆزرایەوە، رەتکردەوە و گوتی: " ئێمە لەگەڵ سەروەری و چەسپاندنی یاساین و ناکرێت یاساشکێنی بکەین."
 
عەمید دێدەوان خورشید گوتی: "ئێمە وەکو هێزەکانی زێرەڤانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆین و هەر دادگەیەک لەبارەی هەر ئەندامێکی ئێمەوە داوای هەر کەسێک لە پێشمەرگە و ئەفسەرانی زێرەڤانی بکات بە نووسراو داوا لەوەزارەتی ناوخۆ دەکات و ئێمەش پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆین، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە هیچ دادگەیەک لەبارەی کەیسی جوانڕۆی باڵەبانەوە داوای هیچ پێشمەرگە یان ئەفسەرێکی لە ئێمە نەکردووە."
 
ئەو قسانەی ئەو فەرماندەیەی هێزەکانی زێرەڤانی دوای قسەکانی دوێنێ 1ی ئەیلوولی 2021ی نەریمان ئەحمەد، پارێزەرى کەیسی کوژرانى هونەرمەند جونڕۆی باڵەبان هات، کە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: "تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنى هونەرمەندەکە کەسێکی پلەدارە و ئەفسەری هێزەکانى زێرەڤانییە، بۆیە هێزەکانى پۆلیس ناتوانن دەستگیری بکەن."
 
شەوی 21ـی حوزەیرانی 2021 هونەرمەند جوانڕۆی باڵەبان، کە ئەندامی تیپی جوقەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بوو، بە مەبەستی نانخواردن لە كاتی دەوامی فەرمی چووە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و رۆژی 22ی حوزەیرانی 2021  لە نزیك گوندی پەلكەڕەش لەنێوان كەسنەزان و دێگەڵە تەرمەکەی بەدەستبەستراوی دۆزرایەوە.
 
هەر ئەمڕۆش فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی ئەو پارێزەرەوە بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
دوێنێ چوارشەممە کەسێک بەناوی پارێزەری کەیسی کوژرانی جوانڕۆی باڵەبان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە گوایە تۆمەتباری کەیسەکە ئەفسەرێکی زێرەڤانییە بە پلەی عەقید و دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین دەستگیری بکەن، لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین کە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی پارێزەرێکی سەرسەختی یاسایە و بەهیچ شێوەیەک لەلایەن دادگا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەوە داوای هیچ ئەفسەرێکی ئێمە بەو پلەیە یان هەر پلەیەکی دیکە سەبارەت بەو کەیسە نەکراوە بۆئەوەی لەبەردەم یاسا ئامادە بێت، هەرکاتێکیش داوایەکی وا هەبێت بێ دواخستن جێبەجێ دەکرێ، هەروەک لە پێشووتردا چەندین حاڵەتی داواکاری دادگا هەبووە و لەلایەن فەرمانگەی یاسایی زێرەڤانییەوە بە رێوشوێنی یاسایی و سەربازی، داواکراو رەوانەی دادگا کراوە و ئیجرائاتی پێویست وەرگیراوە.