نووری شێخۆ: گرووپە چەکدارەکان 30 خاڵی سەربازییان لە دەوروبەری گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب داناوە


رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاشکرای دەکات، ماوەیەکە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هەوڵی تێکدانی ئارامیی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەدەن و 30 خاڵی سەربازییان داناوە. دەشڵێت، رێککەوتنەکانی ئادار و نیسان بە تەواوی پێشێلکراون. 

نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، ئاماژەی بە جموجووڵی گرووپە چەکدارەکان بۆ تێکدانی ئارامیی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب کرد و گوتی، "نزیکەی مانگێکە دۆخی گەڕەکە کوردییەکان رووبەڕووی ئاڵۆزی گەورە بوونەتەوە، هەڵمەتێکی میدیایی دژی ئەو دوو گەڕەکە دەستیپێکرد و بەم دواییانە دەستیانداوەتە جموجووڵی سەربازی لە دەوروبەری گەڕەکە کوردییەکان، چەند خاڵێکی سەربازی و چاودێرییان داناوە، بەربەستی ئەمنییان دروستکردووە و ترس لە نێو خەڵک نیشتووە، نیگەرانیان لە دروستبوونی شەڕ هەیە."
 
رۆژی دووشەممە، 22ی ئەیلوولی 2025، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە حەلەب کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە رایگەیاند، ئەوان بەرپەرچی هێرشێکی گرووپە لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریایان داوەتەوە و چەکدارێکیان کوشتووە و سێ دیکەشیان بریندار کردووە، دواتر تەرمی کوژراوەکە و بریندارەکانیان رادەستی هێزەکانی حکومەتی سووریا کردووە. 
 
نووری شێخۆ، گرووپە چەکدارەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدەن" و خواستییان بۆ شەڕ هەیە: "ژمارەیەکی نائاسایی چەکدار لە دەوروبەری گەڕەکە سڤیلنیشینە کوردییەکان کۆبوونەتەوە، ‌بەشێکیان سەر بە وەزارەتی بەرگری و بەشێکی دیکەیان گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی سیستمی بەرگریی سووریان، وەکو حەمزات و عەمشات و چەند گرووپی دیکە، ئەوان زیاتر دەیانویست ئاڵۆزی و شەڕ رووبدات، 25 خاڵ تاوەکو 30 خاڵی سەربازییان داناوە."
 
ساڵی 2023، بە تۆمەتی تاوانکردن دژبە کورد لە عەفرین، ئەمریکا سزای خستە سەر ئەبو عەمشە و گرووپەکەی. عەمشات یەکێک بوو لەو گرووپانەی لە ساڵی 2018 لەگەڵ تورکیا هێرشیان کردە سەر عەفرین، چەکدارەکانی عەمشات تۆمەتبارن بە کوشتنی هاونیشتمانییان و تاڵانکردن و تێکدانی سەروەت و سامانیان. 
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاشکرای دەکات، هەفتەیەکە رێگەی نێوان حەلەب و رۆژئاوای کوردستان داخراوە و گەیشتن بە رۆژئاوای کوردستان لە 4 کاژێرەوە بۆ 10 کاژێر درێژبووە و گوتی، "رێگەی دێر حافر بە تەواوی داخراوە، ماوەی هەفتەیەکە یەک ئۆتۆمبیل و یەک کەسیش هاتووچۆی تێدا نەکردووە، چوون و هاتن بۆ ناوچەی جزیرێ (رۆژئاوای کوردستان) زۆر زەحمەت بووە، پێشتر 4 کاژێر پێویست بوو تا جزێرێ، بەڵام ئێستا 8 تا 10 کاژێر دەخایێنێت، ئەم کارەی گرووپەکان بە تەواوی دژی رێککەوتنەکانی ئادار و نیسانن." 
 
لە 1ی نیسانی 2025، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، تەواوی شەڕڤانانی هەسەدە لە هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب کشانەوە و تەنیا هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو گەڕەکانە مانەوە، بەڵام ماوەیەکە هێزەکانی ئاسایشی نیوخۆ گرووپە چەکدارەکان تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی هێرشکردنە سەر ئەو دوو گەڕەکە دەدەن. 
 
نووری شێخۆ ئەو کارانە وەکو گوشارێک بۆ سەر هەسەدە دەزانێت، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت و دەڵێت، "ئەو کارانە بیانوون بۆ ئەوەی گوشار لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە بکەن، بەڵام بیانووییەکانیان بێ بنەمان و راست نین، تەنیا گوشارن بۆ ئەوەی هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا بێت، ئەوان دەیانەوێت دوای 20 ساڵ شەڕ و قوربانیدان بێ مەرج تەسلیم ببین."
 
لەبارەی بازگە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە دەوروبەری گەڕە کوردییەکانی حەلەب، نووری شێخ گوتی، "خاڵە هاوبەشەکان تائێستا کاردەکەن و هیچ گۆڕانکارییەک تێیدا رووینەداوە و هاتووچۆ بۆ ناو شار هەیە، بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە پێویستە رێککەوتنی یەکی نیسان جارێکی دیکە کارابکرێتەوە و کاری پێبکرێت."
 
ئەو بەرپرسە کوردە کە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار لەگەڵ شاندی ئەورووپی و ئەمریکی لەبارەی دۆخی دوو گەڕەکە کوردییەکە کۆبووەتەوە، باسی لە ژمارەی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە دەکات و وەکو سووریایەکی بچووک وەسفدەکات و دەڵێت، "زیاتر لە 400 هەزار کەس لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەیە و بەڕێوەبردنیان دیموکراسیانە و هەر کەسێک ماف و ئەرکی هەیە، هەر چەند جوگرافیایەکی بچووکە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی تێدایە لە هەموو پێکهاتەکان و دەکرێ بە سووریا بچووکراوە ناوبنێین."