دووبارە مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر كرایەوە
رووداو - هەولێر
مەكۆی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەولێر كرایەوە و هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیەش دەوامی ئاسایی خۆیان دەستپێکردەوە.
ساماڵ عەبدوڵڵا، باژێڕوانی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێكدا بۆ رووداو گوتی"دوای ئەوەی هەستمان كرد بارودۆخ ئارامبووەتەوە، بڕیارماندا ئەمرۆ دووشەممە ٢ی تشرینی دووەم مەكۆ بكەینەوە و هەڵسوڕاوانمان دەوامی ئاسایی خۆیان دەستپێکردەوە".
گوتیشی"سوپاسی هێزە ئەمنییەكان دەكەین كە لەو ماوەیەدا بارەگاكانی ئێمەیان پاراست، ئێمە ئەو كات لەبەرئەوەی رووداوی نەخوازراو روونەدات، خۆمان داوامان لە هێزە ئەمنییەكان كرد، كە بارەگاكەمان بپارێزن و تاوەکو ئێستاش هێزێكی ئەمنی بۆپاراستنی بارەگەكان لێرە ماون".
رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2015 خۆپیشاندان لە دەڤەری پشدەر و بیتوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد و بەهۆیەوە چەند بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان سووتێندران، دواتر خۆپیشاندانەكان تەشەنەیان سەند و زۆربەی ناوچەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیانیان گرتەوە و ژمارەیەك بارەگای پارتی سووتێندران. بۆ ئەوەی لە کاردانەوەی سووتاندنی بارەگاکانی پارتی هێرشنەکرێتە سەر مەکۆی گۆڕان لە هەولێر هێزێکی ئەمنی لەبەردەم مەکۆی گۆڕان جێگیرکران و کارمەندانی مەکۆکی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیش بە ویستی خۆیان مەکۆکەیان جێهێشت.