موسەننا ئەمین: مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون لە عێراق نییە
رووداو دیجیتاڵ
موسەننا ئەمین سەرلیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر ماددەی دەستووری هەن پێشێلکراون، هەر لە ماف و کاری ژیانێکی شکۆمەندانەوە بگرە تا دەگاتە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی".
موسەننا ئەمین سەرلیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە سلێمانی لە بوڵتەنی کاژێر 16:00ی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، گوتی: "دەستوور بابەتێکی ئاڵۆزە، ماددەی دەستووری زۆر هەن جێبەجێنەکراون، گرنگترینیان، ماددەی 140 نەتوانراوە تائێستا جێبەجێ بکرێت، هەروەها یاسای نەوت و گاز و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی". گوتیشی: "بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێت، دەبێ یاسای بۆ دەربکەی، زیاتر لە 20 یاسای دەستووری هەن پێویستە دەربکرێن".
لەبارەی مافی هاووڵاتیبوونەوە بەتایبەت جیاوازیکردن لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، مووسەننا ئەمین گوتی: "لەنێوان هاووڵاتیانی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، وەکو ئەوەی ئێستا دامەزراندن و بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەیە بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان نییە، جیاوازی لەنێوان نرخی نەوت و بەنزین بۆ هاووڵاتییان هەیە".
راشیگەیاند: "لە بابەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیدا، لە عێراق مووچە بە 10 تا 11 جۆر خەڵک دەدرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنیا بە خاوەن پێداویستی تایبەت دەدرێت و تەنیا 150 هەزاریشیان پێدەدرێت".
لەبارەی هێزی چەکدارەوە موسەننا ئەمین گوتی: بەپێی دەستوور نابێ حیزبی سیاسی هێزی چەکداری هەبێت، بۆیە دەبێ ئەوە جێبەجێبکرێت.
سەبارەت بە دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و ئەرکەکانی وەکو دەزگەیەکی دەستووری بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، سەرلیستی یەکگرتوو لە سلێمانی دەڵێت: "وەکو کورد دەبێ کار بکەین بۆ ئەوەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق بە یاسایەکی دەستووری دەربچێت، چونکە ئەو یاسایەی ئێستا دادگەی فیدڕاڵیی کاری پێدەکات یاسای کۆنی بریمەرە و هەموارکراوەتەوە".
موسەننا ئەمین لەسەر بەدەستهێنانی کورسی لە پارێزگای سلێمانی، گوتی: "لە سلێمانی دوو کورسیمان هەیە، دەمانەوێ ئەم جارە سێ کورسی بەدەستبهێنین".