مەسرور بارزانی داوا دەکات یۆنامی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا رۆڵ بگێڕێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوبەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نهتهوه یەکگرتووەکان کۆبووەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، مەسرور بارزانی داوای کردووە یۆنامی لە چارەسەری کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ رۆڵ بگێڕێت.
رۆژی شەممە، 02-12-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە شاری دوبەی، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نهتهوه یەکگرتووەکان باسی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان کردووە.
بە گوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی رۆڵی یونامی و بەردەوامبوونی لە ئەرکەکانی لە پێناو سەقامگیریى ئاشتی و ئاسایشى عێراق کردووەتەوە.
چارەسەری کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەشێکی دیکەی گفتۆگۆکانیان بووە بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، مەسرور بارزانی "داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی کارای خۆی لە چارەسەری کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش باسی لەوەشکردووە کە سەرۆکوەزیران و سکرتێری گشتیی نهتهوه یەکگرتووەکان تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان کردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیمارات کۆبووەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە دوبەی، لەگەڵ شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت بە بۆنەی رۆژی نیشتمانیی ئیماراتەوە پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و خەڵکی ئیمارات کرد و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت؛ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات، ئاماژەی بە پەیوەندیى تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد و جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان، وەک نموونەیەکی گەش و درەوشاوە لە عێراق و ناوچەکەدا كردهوه. دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتيی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.