لە دێرسم رێپێوان بۆ پشتیوانی لە عەلەوییەکانی سووریا بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ

پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسیی دێرسم، رێپێوانێکی تایبەت بە هێرشی سەر عەلەوییەکانی سووریا رێکخست و دەڵێ: "ئەوەی روودەدات رێککەوت نییە، دەرەنجامی سیاسەتێکی رێکخراوە."
 
رێپێوانەکە رۆژی سێشەممە 2-12-2025 لە ناوچەی یەرئاڵتی چارشی بەڕێوەچوو، لەلایەن ئۆزجان ئاتێش، هاوسەرۆکی لقی دێرسمی دەم پارتی لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ناسنامەی عەلەوی بە ئەنقەست کراوەتە ئامانج."
 
لە رێپێوانەکەدا دروشمی (لە سووریا کۆمەڵکوژیی عەلەویەکان بەردەوامە، با بوەستێت) بەرزکرایەوە.
 
پلاتفۆرمی رەنج و دیموکراسیی دێرسم رایگەیاند، سووتاندنی خانوو، کوشتنی خەڵک، رفاندنی ژن و منداڵ و تەقەکردن لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە، پرۆسەی هێرشێکی سیستماتیک بۆ سەر عەلەوییەکان پێشاندەدات .
 
بەشداربووانی رێپێوانەکە رایانگەیاند، دیاریکردنی گەڕەکەکان، جیاکاری لەسەر بنەمای ناسنامە و بەکارهێنانی تووندوتیژیی سێکسی وەک ئامرازێکی گوشار، نیشانەی ئەوەیە کۆمەڵگەی عەلەوی بە ئەنقەست بێ بەرگری هێڵدراونەتەوە، لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو ئەوەی کراوە تەنیا چەند هێرشێک نییە، بەڵکو پەیوەندیی راستەوخۆیان بەو پێکهاتە سیاسییەوە هەیە. 
 
موسا یڵماز، یەکێک لەوانەی  بەشداری رێپێوانەکە بوو، دەڵێت: "لە دێرسم کۆبووینەتەوە، دۆخەکە روونە و کۆمەڵکوژی هەیە. چۆن بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە دەنگ هەڵنابڕن؟ دەبێت بەم شێوەیە کۆببینەوە. هەندێک کەس تەنیا سەیری ئەم رێپێوانە دەکەن و بەشداری ناکەن. ئایا بەم شێوەیە دەبێت؟ لەبەرئەوەی وایە ئێمە هەمیشە رووبەڕووی قڕکردن دەبینەوە."
 
لەو کاتەوەی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم لە دەسەڵات نەماوە، زۆربەی عەلەوییەکان دەترسن لە لایەن پێکهاتەکانی دیکە تۆڵەی ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەیان لێ بکرێتەوە کە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەسەددا تووشی ببوون.