دادگەی سنە داوا لە زارا محەممەدی دەکات خۆی رادەست بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادی پارێزگای سنە داواکاریی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بۆ پێداچوونەوە بە پێنج ساڵ زیندانیکردنی رەتکردەوە و ماوەیەکی کورتی بۆ دیاریکرد بۆئەوەی خۆی رادەست بکات.
ئەنجوومەنی ئەدەبیی نۆژین، کە بەڕێوەبەرەکەی زارا محەممەدییە بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای هەوڵێکی زۆر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای نادادپەروەرانەی زارا محەممەدی لە دادگەی بەرایی، دادگەی پێداچوونەوە و دادگەی باڵا، بەداخەوە جارێکی دیکە سەرۆکی دادی پارێزگای سنە سزاکەی بەسەر زارادا سەپاندەوە و سزاکەشی رەوانەی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان کردووە".
لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە رۆژی16-02-2020 بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و کۆمەڵە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" بە 10 ساڵ زیندان سزای بەسەر زارا محەممەدیدا سەپاند، بەڵام دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگای سنە سزاکەی بۆ 5 ساڵ کەمکردەوە.
زارا محەممەدی رۆژی 23-05-2021 لە شاری سنە دەستبەسەر کرا، بەڵام دواتر بە کەفالەت ئازادکرا.
رۆژی 14-2-2021 زارا محەممەدی میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، "لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرام؛ دواتریش بە تۆمەتی دروستکردنی گرووپ و ئەندامێتی لە حیزبەکان دەستگیرکرام.. پاش بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی دادگەی شۆڕش، بە بارمتەیەکی 700 ملیۆن تمەنی ئازاد کرام".