هاتووچۆی هەولێر، سلێمانی و دهۆک: هەر ماتۆڕسکیلێک تۆمار نەکرابێت دەستی بەسەردا دەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، لە 26-12-2021ـەوە دەستیان بە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماتۆڕسکیلانە کردووە کە خاوەنەکانیان پابەندی رێنوێنییەکان نابن یاخود تۆمارنەکراون. هاتووچۆی دهۆک و هەولێریش جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵمەتی لەو شێوەیەیان هەیە.
بەختیار محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رۆژی دووشەممە 03-01-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر بنەمای زۆریی سکاڵاکانی هاونیشتمانیان، هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ گرتنەبەری رێکار بەرامبەر مامەڵەی نەشیاوی ماتۆڕسکیلەکان.
وەکو بەختیار محەممەد باسی دەکات، هەڵمەتەکە ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە، کە خاوەنەکانیان "لە ترافیک ناوەستن، لە کاتی لێخوڕیندا پێشەوەی ماتۆڕەکانیان بەرز دەکەنەوە، مانۆڕی زۆر خراپ دەکەن، شۆفێرەکانیان تەمەنیان 18ساڵ کەمترە؛ لە هەمووی خراپتر دەستکاریی ساڵانسای ئەگزۆزەکانیان دەکەن و ژاوەژاوێکی زۆر دروستدەکەن".
لە 26-12-2021 تاوەکو 03-01-2022 زیاتر لە 172 ماتۆڕسکیل لە سلێمانی دەستیان بەسەردا گیراوە و وەکو بەختیار محەممەد گوتی، "بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ شۆفێر و ماتۆڕسکیلەکەش دەکرێت".
سەبارەت بە ماوەی بەردەوامبوونی هەڵمەتەکەیان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی گوتی، "ئەم کارەی ئێمە کاری رۆتینیی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانە، بەڵام ئێستا کارەکە چڕکراوەتەوە و پێی دەڵێن هەڵمەت؛ دیار نییە دەبێت تاوەکو کەی بەردەوام بین".
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات، "تەڕ و وشک بەیەکەوە ناسووتێت؛ رەچاوی بژێویی هاونیشتمانیان دەکەین؛ ئەو ماتۆڕسکیلانەی بە تەواوی پابەندن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکەین".
لەبارەی شۆفێرانی دیلیڤەریی خواردنگەکان و مۆڵەکان، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی پەیامێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەبیردەهێنێتەوە و دەڵێت، "رۆژی 01-01 پەیامێکمان ئاراستەی سەرجەم خواردنگەکان و پرۆژە نیشتەجێبوونەکان کرد؛ دوێنێش پەیامی نووسراوی فەرمیمان ئاراستە کردن و رێوشوێنەکانی شۆفێری و رێنوێنییەکانمان پێ گوتوون و گوتوومانە کە دەبێت کۆدی ماتۆڕسکیلیان هەبێت و شۆفێرەکانیش خێرا لێنەخوڕن".
سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، ئیبراهیم عەگید، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرجەم شۆفێرانی ماتۆڕسکیلەکانی خواردنگە و کافێ و دیلیڤەرییەکانمان ئاگادار کردبووەوە کە تاوەکو 01-01-2022 مۆڵەت دەربکەن و هیچ کێشەیەکی یاساییان نەبێت، ئەگینا دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیاندا دەگیرێت؛ ئەمڕۆش هەڵمەتەکەمان بۆ ئەو جۆرە ماتۆڕسکیلانە دەستیپێکرد کە داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکردووە".
بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی دهۆک دەڵێت، "بەگشتی هەڵمەتەکان بەردەوامن؛ لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 200 ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا دەستیان بەسەردا گیراوە، کە زۆرینەیان بە پارچە لە شارەکانی خوارووی عێراق دەهێندرێنە دهۆک و دەبەسترێن".
لە هەولێر، وەکو گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بۆ دەکات، نزیکەی چوار هەزار ماتۆرسکیل لە گۆڕەپانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ دەستیان بەسەرداگیراوە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەڵمەتەکانی ئێمە بەردەوام هەن؛ سەرەتای دەرکەوتنی کێشەی ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا لە شاری هەولێر بوو؛ بۆیە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو هەڵمەتەش هەر لە شاری هەولێر بوو".
بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، "لە ساڵی 2013وە زیاتر لە 10 هەزار ماتۆڕسکیل دراونەتە کارگەی ئاسن و لەنێوبراون؛ لیژنەی هاتووچۆ لە کارگەکە چاودێریی لەنێوبردنی ماتۆڕسکیلەکان دەکات".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە "کام ماتۆڕسکیل لەنێو دەبرێت؟" فازڵ حاجی گوتی، "ئەو ماتۆڕسکیلانەی بێ سەرەتان، بە قاچاخ هێندراون، لە سەرچاوەی نادیار هێندراون و لە کاتی هێنانەژوورەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان هیچ مەنەفێستیان نییە" و گوتی، "ئەوەی بە یاسایی بهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان و تۆمار و مۆڵەتی هەبێت، هیچ کێشەمان لەگەڵی نییە".