تەندروستیی گەرمیان: 4.3 ملیار دینار قەرزاری کۆمپانیاکانین
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و خەرجنەکردنی پارەی خواردن و چەند کێشەیەکی دیکە، کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە قەزای کەلار مانیان گرت، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: "پشتیوانییان دەکەین." بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت، نزیکەی 4 ملیار و 370 ملیۆن دینار قەرزاری کۆمپانیاکانن و پارەیان بۆ خەرج ناکرێت.
رۆژی هەینی 3-2-2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە قەزای کەلاری لە راگەیێندراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەو مانگرتنە دەربڕی و دەڵێت: "دوای ئەوەی کارمەندانی تاکە نەخۆشخانەی حکومی لە گەرمیان ماوەی 72 کاژێریان دایە لایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەکردنی کێشە و گرفتەکانیان، کە سەرەتاییترینیان دابینکردنی خواردنی کارمەندانە.. ئێمە پشتگیری داوای کارمەندان دەبین و بڕیارمان دا بە مانگرتن و بینینی تەنیا کەیسی فریاکەوتی لەناکاو و جگە لەوە هیچ کەیسێک وەرناگرین."
هەروەها ئاماژە بۆ کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیش کراوە و گوتی: "سەرەڕای دەیان کێشەی دیکەی وەکو نەبوونی دەرمان و کارمەندی پێویست و چەندین گرفتی دیکە."
رۆژی هەینی 3-2-2023، رزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ماوەی پێنج مانگە چەندین کێشەمان کەڵەکە بووە، لەوانە نەمانی خواردنی کارمەندان کە ئێستا نییە، جگە لەوە نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە ئێستا ئێمە 140 ملیۆن دینار قەرزاری کۆمپانیاکانین و چەکی بانکیشمان هەیە، بەڵام بانکی کەلار پارەی پێویستی نییە و خەرجی ناکات."
هەروەها گوتی: "نەخۆشخانەکەمان کە مانگانە پێنج هەزار نەخۆش سەردانی دەکات، کارمەندی پێویستی نییە، لە کۆی 28 کارمەند 18یان خۆبەخشن، چەند مانگێکە داوای دامەزراندنی کارمەندمان کردووە و بۆمان نەکراوە، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی بۆ دروستکردووین."
بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان لەبارەی بڕیاری کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە بە رووداوی گوت: "ئێمە داواکارییەکانمان پێگەیشتووە، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستییمان هەیە، راپۆرتێکی تێروتەسەلم لەبارەی گرفتەکانەوە ئامادە کردووە، ئێمە کۆمەڵێک کێشەمان هەیە پەیوەندییان بە نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و خەرجنەکردنی پارە و خواردنی کارمەندان و شتی دیکەشەوە هەیە."
د. سیروان محەممەد گوتیشی: "ئێمە لە تەندروستیی گەرمیان دوو ملیار و 600 ملیۆن دینار پارەی کۆمپانیاکانی دەرمان قەرزارین، ملیارێک و 500 ملیۆن دینار پارەی کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئامێری تەندروستی قەرزارین، لەگەڵ 200 ملیۆن دیناری کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە و 70 ملیۆن دیناری پارەی خواردن."