'کۆبانێ لە لێواری کارەساتێکی مرۆییدایە' ؛دەرمان و خواردن نەماوە و نەخۆشیش بڵاوبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەمیی خۆراک و نەبوونی سووتەمەنییەوە، زۆربەی منداڵانی کۆبانێ تووشی پەتا و نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون، دانیشتووانی کۆبانێ هاواری هاوکاری دەکەن و هێشتا گەمارۆی سەر شارەکە هەڵنەگیراوە .
 
شێخ نەبی حەمێ، کەسایەتی و خاوەن مارکێت لە کۆبانێ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00 تۆڕی میدیایی ڕووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "چەندین پەتا و نەخۆشی لەنێو شاری کۆبانێ دا بڵاوبوونەتەوە، پزیشکەکان فریا ناکەون و دەرمانی پێویستیش نییە بۆ چارەسەر.''
 
شێخ نەبی، دیمەن و ڤیدیۆی تایبەتی لەبارەی دۆخی ئاوارەکانی کۆبانێی بۆ رووداو ناردووە، ژنێکی بەتەمەن لە ڤیدیۆکاندا دەڵێت:" ئاو، کارەبا، غاز و ئامێری گەرمکەرەوەمان نییە؛ چوار بۆ پێنج خێزان لە یەک ژووردا دەژین و خواردنیشمان نییە.''
 
هەرچەندە بەپێی رێککەوتن وادانرابوو گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵبگیرێت، بەڵام دوای چوار رۆژ لە بڵاوبوونەوەی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە گەمارۆی سەر شارەکە هەڵنەگیراوە، ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات، هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ بەستەوە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەو رۆژی 1-2-2026 بە رووداوی راگەیاند: " گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵنەگیرێ، رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت."
 
سێ هەفتەیە گەمارۆیەکی تووند لەسەر شاری کۆبانێ هەیە، بەو هۆیەوە کارەبا، ئاو و پێداویستیی خۆراکی ناگەنە نێو شارەکە. شێخ نەبی حەمێ هۆشداری دەدات و دەڵێت: "کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە کۆبانێ روودەدات، پێویستە گوشار بکرێت بۆ ئەوەی رێگەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ شارەکە بکرێتەوە.''
 
جگە لە دانیشتووانی شارەکە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی گوند و شارۆچکەکانی دەوروبەری کۆبانێش پەنایان بۆ نێو شارەکە بردووە، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی کۆبانێ نزیکەی 500 هەزار کەس دەبێت، تاوەکو ئێستاش تەنیا دوو کاروانی هاوکاریی مرۆیی لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەیشتووەتە شارەکە.
 
شێخ نەبی حەمێ بە رووداوی راگەیاند: " کارەبا، خۆراک و ئاو، شیری منداڵان، سووتەمەنی و هیچ کام لە پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیان لە کۆبانێ دا نەماون، بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەکان، لە نەخۆشخانەکاندا شوێن نەماوە، دەرمان دەست ناکەوێت و منداڵانیش بەبێ چاودێریی تەندروستی ماونەتەوە."
 
فەرهاد حاجی عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆبانێ، بە رووداوی راگەیاند: " ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر کۆبانێ، گەمارۆیەکی سیاسییە. پێشتر چەند هەوڵێک بۆ کردنەوەی رێگەی مرۆیی هەبوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.''
 
سەختی دۆخی مرۆیی شارەکە لەکاتێکدایە، دوو رۆژە رێککەوتنەکە جێبەجێدەکرێت کە یەکێک لە خاڵەکانیدا هاتبوو هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سووریا بچنە نێو  حەسەکە و قامشلۆ کە یەکێک بوو کە بڕگەیەکی سەرەکی ئەو رێککەوتنە بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبانێ گەمارۆدراورە خەڵکی شارەکەش کە قسەییان بۆ رووداو کردووە دەڵێن برسێتی بەرۆکی شارەکەی گرتووە رێرەوی مرۆی بۆ ناردنی هاوکاری نییە.