4 وەزیر سەروەت و سامانی خۆیان ئاشكرا نەكردووە
رووداو- هەولێر
دەستەی گشتیی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان ئاماری ئەو بەرپرسانەی ئاشكرا كرد كە فۆرمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامانیان پڕ كردووەتەوە و تەنیا 4 وەزیر ماون ئەم فۆرمە پڕبكەنەوە، یەكێك لە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستانیش تاوەكو ئێستا فۆرمەكەی پڕ نەكردووەتەوە.
بەشی بەدەستهێنانی ناڕەوا/ فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت لە دەستەی گشتیی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان ئاماری گەڕاندنەوەی فۆرمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكانی تاوەكو 22/2/2015 بڵاوكردووەتەوە و تاوەكو ئەو رێكەوتە 2369 بەرپرس ئەو فۆرمەیان پڕكردووەتەوە.
بەپێی ئامارەكە، زۆرترین فۆرم لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی كوردستان پڕكراوەتەوە كە 764 فۆرم بووە، دوای ئەویش وەزارەتی شارەوانی دێت كە 628 فۆرمە. وەزارەتی دادیش پلەی سێیەمی گرتووە بە 279 فۆرم.
بەپێی ئاماری دەستەكە، لەكۆی 21 وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستان 17 وەزیر فۆرمەكەیان پڕكردووەتەوە و تەنیا 4 وەزیر ماون ئەو فۆرمە پڕبكەنەوە، ئەوانیش ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان. كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ. مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە. لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە.
هەروەها لە سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) پارێزگاری هەولێر و سلێمانی فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، بەڵام پارێزگاری دهۆك سەروەت و سامانەكەی بۆ دەستەی دەستپاكی ئاشكرا نەكردووە.
بەپێی ئامارەكە سەرۆكی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. د.یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی پەرلەمان) فۆرمی دەستەكەیان پڕ كردووەتەوە. هەروەها جێگرەكانیشیان (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، قوباد تاڵەبانی و جەعفەر ئیبراهیم) فۆرمەكەیان پڕكردووەتەوە. پەرلەمانی كوردستانیش 165 فۆرمی پڕكردووتەوە (111 ئەندامی پەرلەمان و 54 راوێژكار).
فەلاح مستەفا ئاشكرای نەكردووە
لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك دەستە و فەرمانگە هەن كە بە وەزارەتەكانەوە نەبەستراون، دەستەی سەربەخۆن یان سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانن، ئەوانیش فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، دەزگای مین، چاودێریی دارایی، ئەكادیمیای كوردی، دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، دەستەی چاككردنی ژینگە و دەستەی وەبەرهێنان.
بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردوونەتەوە، لە كۆی ئەو دەستە و فەرمانگانە تەنیا بەرپرسی فەرمانگەیەك و سەرۆكی دەستەیەك سامانی خۆیان ئاشكرا نەكردووە، ئەوانیش فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. هەروەها رێبوار خەلیل، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان.
فۆرم بەكێ پڕ دەكرێتەوە؟
بەپێی یاسای ئەم دەستەیە، پێشكەشكردنی دەرخستەی بەرژەوەندییە داراییەكان ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
- سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی.
- سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی و سكرتێر و ئەندامەكان.
- سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی.
- وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن و بریكاری وەزارەتەكان.
- سەرۆكی دەستەی گشتیی دەستپاكی و جێگرەكەی و هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دەستە و لێكۆڵەرانی.
- خاوەن پلە تایبەتیەكان و بریكار و یارمەتیدەرانیان.
- بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یارمەتیدەرانیان.
- دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و سەرپەرشتیارانی داد و لێكۆڵەران.
- ئەفسەرانی پاسەوانی هەرێم و هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە پلەی موقەدەم بەرەو سەرەوە، ئەو ئەفسەر و مفەوەزانەی كاری لێكۆڵینەوە دەكەن.
- پارێزگار و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاو ناحیە و سەرۆكی شارەوانییەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان.
- هەر كەسێك پۆستێكی مەدەنی یان سەربازی هەبێ، لەوانەی لە سەرەوەدا ناویان نەهاتووە، دەستە وای دەبینێ كە پێویستە راپۆرتی دەرخستەی دارایی بیگرێتەوە، بەپێی رێنماییەك كە بۆ ئەم مەبەستە دەردەكرێ.