کەسێک بۆ سەیران دەچێتە چیای ئاوەگرد؛ تەندروستی تێکدەچێت و گیان لەدەستدەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن سەروو 50 ساڵ کە لەگەڵ چەند کەسێک بۆ سەیران چووەتە سەر چیای ئاوەگرد، تەندروستی تێکچووە، دواتر بە هێلیکۆپتەرێکی وەزارەتی ناوخۆ لە چیاکە هێنراوەتە خوارەوە، بەڵام کاتێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
رۆژی هەینی، 3-3-2023، گۆران ئەحمەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە بە گیرخواردنی هاووڵاتییەک لە چیای ئاوەگرد بە ناوی عەبدولڕەزاق یاسین فەتاح کە تەمەنی سەروو 50 ساڵ بوو و دانیشتووی شاری هەولێر بوو، ئەو پیاوە لەگەڵ چەند کەسێکدا بۆ سەیران هاتبوون، دواتر تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە کە شوێنێکی سەختە و ناچاربووین بەهۆی سەختییەکەیەوە هێلیکۆپتەر بەکاربهێنین."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی قەزای کۆیە گوتیشی: "ئەو هاونیشتمانییە چەند نەخۆشییەکی هەبووە، وەکو نەخۆشیی دڵ، گوشاری خوێن و شەکرە، زیاتر لە دوو کاژێر بەپێ رۆیشتووە و لەسەر چیاکە تەندروستی تێکچووە."
دوای ئاگادارکردنەوەی بەرگریی شارستانیی کۆیە، تیمەکانیان بە هانای ئەو هاونیشتمانییە چوون. گۆران ئەحمەد گوتی: "بەهۆی سەختیی شوێنەکە ناچار بووین فڕۆکە بەکاربهێنین. گەیاندمانە نەخۆشخانە و دوای هەوڵدانێکی زۆری پزیشکەکانی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر، دیاربوو پێشتر گیانی لەدەستدابوو."