بافڵ تاڵەبانی: سەرۆک ترەمپ بەرچاوڕوونیدا لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "سەرۆک ترەمپ بەرچاوڕوونیداوە لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا."
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ئەم قسانەی لە کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە دەڵێت، ترەمپ "سوپاسی رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە عێراقدا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک ترەمپ دەرفەتێکی پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەکانی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر پشتگیری هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێزی لە نێوان ئەمریکا و عێراق."
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکیش لە (هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران) بە رووداوی گوت، ترەمپ قسەی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە ئاماژە بەوە دەدات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە، "باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی پرسەکان بە لێکتێگەشتن و دایەلۆگ و ئەولەویەت لای یەکێتی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەری خاکی عێڕاقە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە. بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە داوە، "یەکێتی ئامادەیە هەموو پەیوەندیە فراوان و کاریگەرەکانی بخاتە گەر لە پێناوی ئاشتی و ئارامی و گەشەسەند بۆ عیراق بە تایبەت و ناوچەکە بە گشتی".
دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
راگەیەندراوێك لەمەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە:
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئازار، بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەكتەبی سیاسیی كۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی سەرەکی خرانە بەرباس و گفتوگۆکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، بەرچاو ڕوونییەکی تەواویدا لەسەر کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ و بەڕێز مەزڵوم عەبدی، کە تیایدا گفتوگۆکرا لەهەمبەر مسۆگەرکردنی سووریایەکی دەستووری، کە مافی تەواوی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت و جەخت لەجێبەجێكردنی رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی نێوان سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات كرایەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتیبوو، لە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییە ئەمنییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە، کە باشترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی پرسەکان بە لێکتێگەشتن و دایەلۆگ و ئەولەویەت لای یەکێتی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەری خاکی عێڕاقە، سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی ئامادەیە هەموو پەیوەندیە فراوان و کاریگەرەکانی بخاتە گەر لە پێناوی ئاشتی و ئارامی و گەشەسەند بۆ عیراق بە تایبەت و ناوچەکە بە گشتی
تەوەرێکی گرنگی دیکەی کۆبوونەوەکە، ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک بافڵ بوو، کە تیایدا سەرۆک ترەمپ بەرچاو ڕوونیداوە لە ئامانجەکانی ئەمریکا لەم جەنگەدا.
هەروەها سوپاسی ڕۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە عێراقدا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆک ترامپ دەرفەتێکی پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەکانی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر پشتگیری هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێزی لە نێوان ئەمریکا و عێراق.