پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە، کارەبا و هێرشەکانی سەر هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان لەم شەڕە بپارێزن. گوتیشی، "هەندێ لایەنی تیرۆریست هەولێریان کردووەتە ئامانج".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر گوتی، "هەندێ لایەنی لە یاسادەرچوو و تیرۆریست هەولێریان کردووەتە ئامانجی خۆیان، دڵنیابن ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین خەڵکی کوردستان پارێزراو بن و دووربن لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک".
داوایشی لە حکومەتی عێراق کرد "رێگە لەم تیرۆریستانە بگرێت" چی دیکە هەرێمی کوردستان نەکەنە ئامانج.
مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە و دۆخی کارەباش قسەی کرد. سەرۆکوەزیران گوتی، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکەن و سوپاسی پشوودرێژیی خەڵکیشی کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هەوڵی جیدییمان دا بۆ ئەوەی ئەم ساڵ کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکەین، لەسەر ئەو بەڵێنەمان بەردەوامین و جێبەجێی دەکەین".
بەڵام باسی لەوە کرد، "دوای ئەو شەڕەی دروستبووە و ئەو پەلامارانەی کراونەتە سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز، بەشێک لە کۆمپانیاکان بۆ خۆپارێزی بەرهەمەکانی خۆیان کەم کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا، ئەمەش کاتییە و هیوادارین بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوە".
سەرۆکوەزیران داوای لە خەڵک کرد "هیوادارم پشوودرێژ بن و تێبگەن، ئەمەی روویداوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین کەمترین زیان بە خەڵکی کوردستان بکەوێت".
مەسرور بارزانی، ئەو قسانەی لە رێوڕەسمی کردنەوەی نەخۆشخانەی ماجیدی لە شاری هەولێر کرد.
دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە، کارەبا و هێرشەکانی سەر هەولێر:
هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بە دوو سێ بابەتی گرنگیش بدەم كە پێموایە هەمووتان ئاگادارن، یەكێكیان ئەو گرژی و شەڕ و ئاڵۆزییەیە كە ناوچەكەی گرتووەتەوە. جێی داخە كە ناوچەكەمان بەم شێوازە ، دووچاری ئەم نەهامەتییە بووەتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەمەیە كە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، هەندێك لایەنی لەیاسا دەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان كردووەتە ئامانجی خۆیان، من سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم و دڵنیا بن كە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و كوردستانمان پارێزراو بێت و دوور بین لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك. هەوڵدەدەین كوردستان بەدوور بگرین لەم شەڕ و ئاژاوانەی كە لە ناوچەكەدا هەن و بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەستكەوتەكانی خۆمان. داواكارم خەڵكی كوردستان پابەندی رێنماییەكان بن و بە هەموو شێوەیەك خۆیان بپارێزن. هیوادارم ئەم ناخۆشییانە بە زوویی بەرەو تەواو بوون بڕۆن و ئاسایش و سەقامگیری جێگەی شەڕ و گرژی و توندوتیژی بگرێتەوە.
سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پشوودرێژییان، بە تایبەتی كە دەبینین لەم ماوەیەی رابردوو، زۆر گرفتی جۆراوجۆریان رووبەڕوو بووەتەوە، بابەتی بێمووچەیی یان دواكەوتنی مووچە كە دیسان ئەمە بابەتێكە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە. ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە و داواش دەكەین حكوومەتی فیدرالیش پابەندییەكانی خۆیان بەرامبەر بە شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكەن.
لە لایەكی ترەوە، ئێمە هەوڵێكی جددیمان دا بۆ ئەوەی لە پرۆژەی رووناكی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەموو كوردستان دابین بكەین كە لەم ساڵەدا بەڵێنی ئەوەمان دابوو و لەسەر بەڵێنی خۆمانین كارەبای 24 كاتژمێری هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دێهاتەكانی كوردستانیش بگرێتەوە، ئەم بەڵێنەمان بەردەوامە و ئینشائەڵا جێبەجێشی دەكەین. بەڵام دوای ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی كە دروست بووە و دوای ئەو پەلامارانەی كە كراونەتە سەر كێڵگەكانی نەوت و غاز، هەندێك لە كۆمپانیاكان بۆ خۆپارێزی، بەرهەمەكانی خۆیان كەم كردووەتەوە كە بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمەش شتێكی كاتییە. هیوادارین بارودۆخەكە بەرەو ئاسایی بگەڕێتەوە. هیوادارم خەڵكی ئێمە پشوو درێژ بن و تێبگەن كە ئەم شتەی رووی داوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كەمترین زیان بەر خەڵكی كوردستان بكەوێت و ئینشائەڵا ئاسایش و سەقامگیری جارێكی تر بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و هەموو ناوچەكەش بگرێتەوە.
داوا لە حكوومەتی فیدرال دەكەین كە رێگە بەم تیرۆریستە لەیاسا دەرچوانە نەدەن كە چیتر پەلاماری كوردستان بدەن، چونكە ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین.
جارێكی تر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە حاجی ئەحمەد و لە خەڵكی كوردستان و شاری هەولێر دەكەم، دەستخۆشی لە پزیشكەكان و فەرمانبەران دەكەم بۆ ئەم كارە ناوازەیەی كە لێرە كردوویانە. هەر سەركەوتوو بن، پیرۆزە لە هەمووتان، كوردستانمان ئینشائەڵا هەر پارێزراو و ئاوەدان بێت.