فەرماندەیی زێرەڤانی: هێزێکی کۆماندۆ لە سلێمانی پێشمەرگەیەکی رفاندووە


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە بێ رەزامەندیی دادگە، هێزێک لە سلێمانی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی پێشمەرگەیەک لە بەتالیۆنی چواری مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی و رفاندوویانە.
 
بە گوێرەی راگەیێنداوەکەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، ئەو هێزەی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی سڵاح جەلال ئەحمەد، "هێزی کۆماندۆی سەر بە بافڵ تاڵەبانی بووە." دەشڵێت، سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەن.
 
فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، ئەو کارەی هێزەکە بە بێ رەزامەندیی دادگە و فەرمانی دادوەر کراوە و تاوەکو ئێستا پێشمەرگەکە ئازاد نەکراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی داوا دەکات لە سلێمانی کۆتایی بەو کارە بهێندرێت.