زیندانییەکی سیاسیی کورد دوای 31 ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا ئازاد کرا

رووداو دیجیتاڵ

حەسیب ئەفشار، زیندانیی سیاسیی کورد، دوای 31 ساڵ لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە زیندانی ژمارە 2ـی ئامەد ئازاد کرا و لەلایەن کەسوکار و لایەنگرانی دەم پارتییەوە، پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
 
حەسیب ئەفشار کە تەمەنی 51 ساڵە، ساڵی 1995 لە ناوچەی کوشاداسی سەر بە پارێزگای ئایدنی تورکیا دەستگیرکرا. دواتر لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەت لە ئامەد، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
 
ئەو زیندانییە کوردە لە ماوەی ئەو 31 ساڵەدا، لە زیندانەکانی چانکرێ، یۆزگات، کڕکالە، بۆڵۆ، چەولیک، ئاکسەرای، سێرت و سینجان ماوەتەوە.
 
هەرچەندە بڕیاربوو حەسیب ئەفشار لە 30ـی ئاداری 2025 ئازاد بکرێت، بەڵام "لیژنەی کارگێڕی و چاودێریی زیندان" دووجار ئازادکردنیان دواخست. لیژنەکە هۆکاری دواخستنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە ئامادە نەبووە "پەشیمانی" لە کارەکانی دەربڕێت.
 
لەبەردەم دەروازەی زیندانی ئامەد، بنەماڵەی ئەفشار، ئەندامانی کۆمەڵەی هاوکاریی ماڵی زیندانییان (TUAY-DER)، بەرپرسانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان پێشوازییان لێکرد.
 
حەسیب ئەفشار لەکاتی دەرچوونی لە زینداندا، چەند کۆترێکی وەک هێمای ئازادی فڕاند. دواتر بە کاروانێکی ئۆتۆمبێل بەرەو قەزای بسمیل بەڕێکەوت و لەوێش پێشوازییەکەی جەماوەری لێکرا، پاشان گەیشتەوە نێو بنەماڵەکەی.