کەشناسی: باران و هەورەبرووسکەی بەهێزتر بەڕێوەیە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژانی هەینی و شەممە بەگشتی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، لە دوانیوەڕۆی هەینیش لە بەشێک لە ناوچەکان کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و هەورەبرووسکە و لێزمەباران دەبێت.
لە نێوەڕاستی هەفتەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە سنووری پارێزگای هەولێر لە چەند گەڕەک و شوێنێک لافاو دروستبوو و ئاو چووە نێو چەند ماڵێکەوە.
کەشناسی دەڵێت: لە دوای نیوەڕۆوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، کاریگەریی شەپۆلە بارانەکە زیاتر دەبێت و بارانی بەلێزمە دەبارێت.
ئەم شەپۆلە بارانە هەورەبرووسکەیشی لەگەڵدایە. بۆ کاتەکانی شەو، پێشبینیی دەکرێت شەپۆلە بارانبارینەکە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام بێت، بەڵام لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر ئیدارەی سۆران و پارێزگای دهۆک زیاتر دەبێت.
لەبارەی پلەکانی گەرما و خێرایی با، کەشناسی دەڵێت، پلەی گەرما بە نزیکەی 2 تاوەکو 5 پلە نزمتر دەبێت لە دوێنێ. هەروەها خێرایی با لەنێوان 10 - 20 کیلۆمەتر دەبێت.
سبەی شەممەش وەکو کەشناسی پێشبینیی کردووە، ئاسمان هەورى باراناوی دەبێت و لێزمەباران و هەورەبرووسکەی ناوبەناو لە زۆربەی ناوچەکان بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوامی دەبێت. لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکە کەمێک لاواز دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرما:
هەولێر: 21
سلێمانی: 20
دهۆک: 21
زاخۆ: 22
هەڵەبجە: 20
کەرکووک: 25
سۆران: 19
حاجی ئۆمەران: 13
گەرمیان: 26