رووداوەکەی سەیدسادق؛ کێشەیەکی سێ ساڵە خوێنی لێکەوتەوە و پۆلیس بەدوای 7 تۆمەتباردا دەگەڕێت
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی رۆژی شەممە، 1ی ئەم مانگە، لە سنووری قەزای پێنجوێن، هێرشکرایە سەر تانکەرێکی سووتەمەنی، لە ئەنجامدا گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ کوژرا و برازایەکیشی بریندار بوو. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە و فەرمانی گرتن بۆ 7 تۆمەتبار دەرچووە.
رووداوەکە کاژێر 05:00ی بەیانی لە نزیک گوندی تەڕاتەوەن لە سنووری ناحیەی ناڵپارێز روویداوە، کاتێک دەستڕێژی گولـلە لە تانکەرێکی سووتەمەنی کراوە. بەهۆی هێرشەکەوە، رێککەوت عەبدوڵڵا، تەمەن 18 ساڵ، گیانی لەدەستدا و مانی ئومێدی برازای، کە شۆفێریی تانکەرەکەی کردووە، بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بە هەردوو قاچی بریندار بوو.
"ویستیان براکەم بسووتێنن و بڵێن رووداو بووە"
سەروەر، برای رێککەوت، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: " هێرشەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە، ویستوویانە براکەم دوای کوشتنی بسووتێنن و بیشارنەوە، تاوەکو وا دەربکەوێت کە رووداوێکی هاتووچۆ بووە."
سەروەر ناوی چەند کەسێکی لە عەشیرەتی چوچانی وەک تۆمەتبار هێنا و ئاماژەی بەوەدا کە کێشەکەیان بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، وەک سەروەر باسیدەکات، لایەنی هێرشکار کەسێکیان بە تۆمەتی ساختەکاری لە گواستنەوەی گاز دەستگیرکراوە و لایەنی بەرامبەر گومانیان لە سەروەر کردووە کە ناوی ئەوانی لای دەزگا ئەمنییەکان ئاشکرا کردبێت.
سەروەر، جەختی لەوە کردەوە، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار لەلایەن هەمان کەسەوە هێرشیان کراوەتە سەر، سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە. ئەو گوتی: "زیاتر لە 20 جار سکاڵامان لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن و دەربەندیخان تۆمار کردووە، بەڵام ئەوان تەنیا یەک جار بۆ ماوەی 11 رۆژ دەستگیر کران و دواتر ئازاد کران، چونکە پشتیان هەیە."
"لە باوەشی مندا دوا هەناسەی دا"
شایەتحاڵێک، دوای سەروەر، کە یەکەم کەس بووە گەیشتووەتە لای قوربانییەکان، لە بەرپرسیار باسی لە دوا ساتەکانی ژیانی رێککەوت کرد و گوتی: "کاتێک گەیشتمە نەخۆشخانە، رێککەوت هێشتا لە ژیاندا مابوو، بەڵام فیشەک بەر سنگی کەوتبوو. لەناو حەوشەی نەخۆشخانە و لە باوەشی مندا دوا هەناسەی دا و گیانی لەدەستدا."
ئەو شایەتحاڵە پشتڕاستی قسەکانی سەروەری کردەوە و گوتی کە بنەمای کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ "فێڵێک لە کاری قاچاخچێتی" و تۆمەتبارکردنی سەروەر لەلایەن هێرشکارانەوە.
پۆلیس: فەرمانی گرتن بۆ 7 کەس دەرچووە
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە. بەپێی مادەی 406ی کوشتنی بە ئەنقەست، فەرمانی گرتن بۆ 7 کەس دەرچووە کە خەڵکی سنووری سەیدسادقن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتبارێک دەستگیر نەکراوە.
هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز، بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە کە رووداوەکە لە سنووری ئەوان روویداوە و لێکۆڵینەوە لەلایەن بنکەی پۆلیسی ناڵپارێزەوە بەردەوامە.
خێزانی قوربانییەکان داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و دادگە دەکەن کەیسەکەیان بە جددی وەربگرن و تۆمەتباران بە زووترین کات دەستگیر بکرێن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.