میکانیزمێکی نوێ بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە دادەنرێت کە چەک دادەنێن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئاشکرای دەکات، ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ وەرگرتنەوە و رێکخستنی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەستیپێکردووە کە بڕیاریانداوە چەک دابنێن. میکانیزمەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پێش هەموو هەنگاوێکی یاسایی، دەبێت چەکدانانەکە بە کردەیی پشتڕاست بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "تورکیا" کە رۆژی یەکشەممە 03-05-2026 بڵاوکراوەتەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، لە  راپۆرتێکدا بۆ سەرکردایەتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، وردەکارییەکانی پڕۆسەی نوێی چارەسەری و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەریلایانەی دەگەڕێنەوە، خستووەتەڕوو.
 
ئیبراهیم کاڵن باسی لەوە کردووە کە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی ئەندامانی پەکەکە، چارەنووسی چەکەکانیان و رێکارە یاساییەکان لە کاتی گەڕانەوەدا دیاریکراون.
 
بەپێی پلانەکە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە تورکیا، بەناو "میکانیزمی دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوە"دا تێدەپەڕێنرێن. ئەم پێکهاتەیە لەلایەن بیرۆکراسییەتی ئەمنییەوە دادەمەزرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندنی هەر کەسێک کە دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی هیچ رێکخستنێکی یاسایی بۆ بکرێت.
 
1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بانگەوازی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد کە پەکەکە چەک دابنێت و باسی لە "مافی هیوا" کرد. 27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بانگەوازی ئاراستەی پەکەکە کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەک. لە 5-7ـی ئایاری 2025دا پەکەکە کۆنگرەی 12ـی خۆی بەست و تێیدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
 
لە 11ی تەممووزی 2025 یەکەم گرووپی گەریلاکانی پەکەکە بە کردەیی چەکیان دانا. تشرینی یەکەمی 2025 پەکەکە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوخۆی تورکیا راگەیاند. لە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 پەکەکە کشانەوەی لە ناوچەی (زاپ) لە هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسیی پێکدادان راگەیاند.
 
حکومەتی تورکیا لە 5ـی ئابی 2025ـەوە "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمان پێکهێناوە، کە کار لەسەر چوارچێوە یاساییەکانی پڕۆسەکە دەکات بۆ ئەوەی گەڕانەوەی ئەو کەسانە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یاسایی رێکبخرێت.