فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری خازر شەهید بوو
رووداو - هەولێر
لە گوندی وەردەکی میحوەری خازر لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی داعش فەرماندەیەکی پێشمەرگە شەهید بوو.
کاژێر 03:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 6-3-2016 چەکدارانی داعش هێرش دەکەنە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و دوای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و کوژرانی چەند چەکدارێکی داعش ، فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە پلەی عەقید کە سەر بە سوپای پێنجی زێرەڤانی بوو شەهید دەبێت.
عەقید سەربەست جیهاد مەنتک
بەرپرسی میحوەری خازر سەبارەت بە بریندارانی هێزی پێشمەرگە و ئەو رووبەڕووبوونەوانەی کە لەگەڵ چەکدارانی داعش لە میحوەرەکان هەبووە گوتی" پێشمەرگە لە چەند میحوەرێک رووبەڕووی چەکدارانی داعش بووەتەوە و جگە لە شەهیدبوونی سەربەست مەنتک 7 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون".
هەروەها لیوا سالار تەیموور، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "کاژێر 4ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-6-2016 چەکدارانی داعش لە گوندی گەزەکانی میحوەری خازر هێرشیان کردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لەلایەن پێشمەرگەوە بەرپەرچدرانەوە و 14 چەکداریان لێ کوژراوە".
هێرەشکردنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەلایەن چەکدارانی داعش لەکاتێکدایە کە بە بەشداری پێنج هەزار پێشمەرگە و بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، كاژێر 4:30 خولەكی بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە 29-5-2016 لە میحوەری خازر هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر چەكدارنی داعش دەست پێكرد.
رۆژی دووشەممە 30-5-2016 عارف تەیفوور بەرپرسی میحوەرەكی خازر گوتی هێزەکانی پێشمەرگە توانیان بەدرێژایی 23 کیلۆمەتر و بەپانایی 5 بۆ 6 کیلۆمەتر، واتە زیاتر لە 125 کیلۆمەتر ئازاد بکەن.