لیژنەکەی پەرلەمان: بابەتی ژەهرخواردکردنی جەوهەر هەرکی سیناریۆی خێزانییە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی کوردستان کە بۆ یەکلاییکردنەوەی دەنگۆی ژەهرخواردکردنی جەوهەر ئاغای هەرکی، سەرۆکی هۆزی هەرکی و کوڕەکەی پێکیهێناوە بابەتەکە بە "سیناریۆی خێزانی" ناودەبات؛ ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، هێشتا کاری لێکۆڵینەوەکەیان ماوە و دوو ئەندامی دیکەشیان دەڵێن، لەگەڵ ئەنجامەکانی نین.
 
ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە کرد و دەرکەوت بابەتی هەوڵی ژەهرخواردکردنەکە هیچ راستییەکی تێدا نییە و دەزگای پاراستن و هیچ لایەنێکی دیکەی ئەمنیی هەرێمی کوردستانیش تۆمەتبار نین".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەکە ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو سیناریۆیە بۆ ناشیرینکردنی دەزگای پاراستن و دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە و داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم تۆماتبارکردنەی دەزگاکانی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات".
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە 31ی ئایاری رابردوودا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بە مەبەستی بەدواداچوونی "هەوڵی ژەهرخواردکردنی جەوهەر ئاغای هەرکی" پێکهێنا و لیژنەکە لە 2ی حوزەیرانی ئەمساڵ وەڵامی پەرلەمانی کوردستانی داوەتەوە و بۆچوونی خۆی لەبارەی بابەتەکە نووسیوە.
 
نووسراوی لیژنەکە واژۆی باڵانبۆ محەممەد و ناسر ئەحمەد، دوو ئەندامی لیژنەکەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی بەسەرەوە نییە، بەڵام ئەرشەد حوسێن و حیکمەت محەممەد عەبد زەید، ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یاسین خدر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانی واژۆیان کردووە.
 
لیژنەکە لە شەش خاڵدا ئەنجامەکانی خستوونەتەڕوو، تێیدا رایدەگەیێنێت:
 
- بۆیان دەرکەوتووە بابەتەکە پەیوەندیی بە ئاژانسی پاراستنەوە نییە و تەنها سیناریۆیەکی دروستکراوی خێزانییە.
 
- قەیدار محەممەد موسا بە لیژنەکەی گوتووە، لەژێر هەڕەشەی شەرەف ناچار بە کۆمەڵێک دانپێدانان کراوە.
 
- قەیدار محەممەد موسا دەڵێت، لە ئاسایشی دهۆک هیچ شتێکی بەرامبەر نەکراوە.
 
- لیژنەکە پێشنیاز دەکات دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و هەموو رێکارە یاساییەکان، قەیدار محەممەد موسا مافی نەفەوتێت و پارێزراو بێت.
 
لای خۆیەوە یاسین خدر تەها، ئەندامی لیژنەکە بە رووداوی راگەیاند، هێشتا کارەکانی لیژنەکە تەواو نەبوون و راپۆرتەکەیان بەتەواوی ئامادە نییە، گوتیشی "بۆ ئەو بابەتە و دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر، نیازمان وایە سەردانی جەوهەر ئاغای هەرکی و دەزگای زانیاری و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەین".
 
رۆژی 22ی مانگی رابردوو، هەواڵی ژەهرخواردکردنی جەوهەر ئاغای هەرکی و کوڕەکەی بەناوی هەرکی جەوهەر بڵاوکرایەوە و دواتر ڤیدیۆی کەسێک بەناوی قەیدارەوە بڵاوکرایەوە، گوایە پەیوەندیی بە رووداوەکەوە هەیە.
 
باڵانبۆ محەممەد، ئەندامی لیژنەکە بە رووداوی گوت، ئەوان وەکو دوو ئەندامەکەی یەکێتی بایکۆتی لیژنەکەیان کردووە و پێیانوایە کاری پەرلەمان نییە ئەو جۆرە لێکۆڵینەوانە بکات، گوتیشی "دوور و نزیک پەرلەمانی کوردستان پەیوەندیی بەو کەیسەوە نییە و دەبێت دامەزراوەکانی حکومەت بەو کارە هەستن".
 
گوتیشی، سەرجەم ئەو شتانەی ئەو لیژنەیە باسی دەکات لەگەڵی نین و رەتیدەکەنەوە، چونکە ئەوان نەچوون بۆ هیچ شوێنێک کە لیژنەکە سەردانی کردووە.
 

ـ