دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ رۆژنامەنووسێکی فەرەنسیی لە سلێمانی دەستگیرکردبێت

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیدەکاتەوە هیچ رۆژنامەنووسێکی فەرەنسیی لە سلێمانی دەستگیرکردبێت و، دەڵێ "لەلایەن ئاسایشەوە بەڕێزەوە گواستراونەتەوە بۆ نێو شاری سلێمانی و بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەکە دوورخراونەتەوە".
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمشەو (شەممە، 3-6-2023) بڵاویکردەوە دەڵێ رۆژنامەنووسە فەرەنسییەکە ناوی بێنوا بنیامین جۆسێفە، لەگەڵ هاوەڵە وەرگێڕەکەی سەردانی ناوچەی گەڵاڵەی ماوەتیان کردووە لە 2ـی 6ـی 2023 و بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی خۆیان، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئاگادارکراونەتەوە لەوەی ئەو ناوچەیە مەترسیدارە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، رۆژنامەنووسە فەرەنسییەکە و هاوەڵە وەرگێڕەکەی "لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و داوایان لێکراوە لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان ئەو ناوچەیە جێبێڵن، چونکە لە ڕووی ئەمنییەوە ئەو شوێنە هەستیارە و لەوکاتەشدا درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە". 
 
کۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەشێوەیەکی "هەڕەمەکی" رۆژنامەڤانێکی فەرەنسی و کچە هاوکارەکەی لە سلێمانی دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون. 
 
کۆنسوڵخانەکە "بە تووندترین" شێوە سەرکۆنەی دەستگیرکردنەکەی کرد و رایگەیاند "دڵگرانین بەو دەستدرێژییە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر ئازادیی رۆژنامەگەری و مافەکانی رۆژنامەڤانان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. ئەم رووداوەش نموونەیەکی دیکەی ئەم دەستدرێژییانەیە". 
 
کۆنسوڵخانەکە سوپاسی ئەو دەسەڵاتدارانەی کرد "کە بەشدار بوون لە کردنەوەی گرەوی ئەم دۆخە"، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت."