مەسرور بارزانی بۆ مووچەخۆران: ئەرکی ئێمە دابینکردنی مووچەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دهۆکەوە پەیامێکی ئاراستەی مووچەخۆران کرد و رایگەیاند: "بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە دانوستانداین و تاوەکو ئەو بابەتە[کێشەی مووچە] بە ریشەیی چارەسەر بکرێت."
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە (03-06-2024) بەردی بناخەی دوو پرۆژەی دانا، یەکێکیان دوو پارک بوون لە دهۆک و ئەوی دیکە پرۆژەی رێگەی دهۆک - باعەردێ بوو.
لە گوتارێکدا لە کاتی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی رێگەی دهۆک - باعەردێ پەیامێکی ئاراستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: ""ئەرکی ئێمە دابینکردنی مووچەیە، بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە دانوستانداین و تاوەکو ئەو بابەتە بە ریشەیی چارەسەر بکرێت و مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن."
لەبارەی پرۆژەکانی رێگاوبان کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێن مەسرور بارزانی رایگەیاند: "پرۆژەی رێگەی دهۆک - باعەدرێ، پرۆژەیەکی گرنگە بۆ بەستنەوەی شارەکان بە یەکدییەوە،
دەمانەوێت رێگەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوازی نێودەوڵەتی دروستبکرێن."
لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەرکی حکومەتە بە باشترین شێوە رێگەوبان بۆ هاووڵاتییان دروست بکەن و بە هەمان شێوەش ئەرکی هاووڵاتییە رێنماییەکانی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن."
هەر لە دهۆکەوە لە کاتی دانانی بەردی بناخەی دوو پارک لە دهۆک مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە "لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە قەیرانە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیدا دەکەین."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی راگەیاندن؛ بەڵکو لە جیاتی ئەمە بە یەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو رکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین. هەروەها چۆن بتوانین لە هەموو روویەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین."