دادگەی رووها بڕیاری قەدەخەی لەسەر ناوی "مەم و زین" هەڵوەشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای کارگێڕیی رووها بڕیاری قایمقامیەتی شارۆچکەی سروجی لەبارەی قەدەخەکردنی ناوی مەم و زین هەڵوەشاندەوە.
 
ئەنجوومەنی شارەوانیی سروج لە 6ی ئابی 2024دا بە کۆی دەنگ بڕیاریدا ناوی "مەم و زین" و نووسەر "سەعد کندرجی" لە دوو پارکی شارۆچکەکە بنرێت.
 
دوای ئەوەی ئەو دوو ناوە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانییەوە پەسندکران، رەوانەی قایمقامییەتی شارۆچکەی سروج کرا.
 
ئادەم باڵکانئۆغڵو، قایمقامی سروج بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخاتەڕوو، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەوانی سروجی رەتکردەوە و قبووڵی نەکرد ناوی "مەم و زین" و "سەعد کندرجی" لە دوو پارکی شارۆچکەکە بنرێن.
 
شارەوانی سروج لە دادگەی کارگیڕیی رووها تانەی لە بڕیارەکەی قایمقامیەت دا. 
 
دادگای کارگێڕیی رووها لەم هەفتەیەدا بڕیاری لەسەر دۆسیەکە دەرکرد و رایگەیاند، بڕیارەکەی قایمقامیەتی سروج نایاساییە و هیچ کێشەیەک لەگەڵ ئەو دوو ناوەدا نییە.
 
دادگە بڕیارەکەی قایمقامیەتی سروجی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا ناوی پارکەکەی گەڕەکی دیموکراسی بکرێت بە "مەم و زین" و پارکەکەی گەڕەکی یڵدرم بکرێت بە "سەعد کندرجی".