لە شارۆچكەیەكی شرناخ قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا
رووداو - شرناخ
دوای چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە شارۆچکەی ئەلکێی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان، قەدەخەی هاتووچۆ لە شارۆچکەکە راگەیێندرا و لە پێکدادانی نێوان سەربازانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەدا ئەفسەرێکی سوپای تورکیا کوژرا.
سوپای تورکیا تۆپبارانی ئەو ناوچانە دەکات کە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەكەكەی تێدایە و شەوی رابردوو، گەریلاکان هێرشیانکردە سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە شارۆچکەی ئەلکێ (بەیتوشەباب) ی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان و پێکدادان دەستیپێکرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 3-7-2016، والی شرناخ قەدەخەی هاتووچۆی لە شارۆچکەکە راگەیاند و چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستپێبکات.