لە چەمچەماڵ "دەرگای سکە" بەسەر منداڵێکدا دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی چەمچەماڵ دەڵێت، لە دوو رووداوی جیادا منداڵێک بەهۆی ئەوەی "دەرگای سکە" بەسەریدا کەوتووە گیانی لەدەستداوە و منداڵێکی دیکەش بەهۆی بەرکەوتنی کەرەستەی تیژ بەسەختی بریندار دەبێت.
 
هەردوو رووداوەکە رۆژی شەممە 03-07-2021 روویانداوە. تەندروستیی چەمچەماڵ بڵاویکردووەتەوە کە هەڵکەوت حەمەنەجم، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ لەبارەی رووداوی یەکەم گوتویەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی منداڵێکی چوار ساڵ گەیێنراوەتە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ "بەهۆی ئەوەی دەرگای سکە بەسەریدا کەوتووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە." دوای رێکارەکان تەرمی منداڵەکە رەوانەی دادپزیشکی سلێمانی کراوە.
 
سەبارەت بە رووداوی دووەم، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ دەڵێت "منداڵێکی دیکەی چوار ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی کەرەستەی تیژ ناوی دەمی بەتەواوەتی بریندار بوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دوای ئەنجامدانی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە."
 
ئەو پزیشکە سەبارەت بەو رووداوانە ئاماژە بەوە دەدات کە ''رووداوەکانی کەوتنەخوارەوە و بەسەرداکەوتنی (دەرگای سکە) زۆر روودەدەن.'' 
 
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ دوا لە دایک و باوکان دەکات، زیاتر ئاگاداری مامەڵە و هەڵسوکەوتی منداڵەکانیان بن و لەکاتی دانان و بەستنی دەرگا و پەنجەرە و هەموو کەلوپەلەکانی دیکەی بیناسازی هۆشیاربن و دڵنیاببنەوە لەجێگیربوون و تووندوتۆڵیان.