چیرۆکی سەرکەوتنی دوای مایەپووچبوونی جووتیارێک؛ بە بەخێوکردنی 32 مەڕ و دوو بەران دەستیپێکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بولەنت کوچوک، جووتیارێکی گوندێکی شارۆچکەی گۆگسییە لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان، شەش ساڵ پێش ئێستا مایەپووچ بوو، بەڵام ئێستا مێگەلێکی هەیە. ئەو جووتیارە لە پیشەکەی خۆی سارد ببوەوە و ترسی لە پەیداکردنی رۆزی هەبوو، ئاژەڵداری وایکرد بەرەنگاری سەختییەکانی ژیان ببێتەوە.
بولەنت کوچوک، ئاژەڵدار دەڵێت، "ساڵی 2017 دەوڵەت 32 سەر مەڕ و دوو بەرانی پێدام. دوای نزیکەی 5 ساڵ ژمارەی مەڕەکانمان گەیاندە 150 دانە. هەروەها 150 بەرخیشمان هەن؛ واتا ئێستا نزیکەی 300 ئاژەڵمان هەن."
شوباتی هەموو ساڵێک ئەم ئاژەڵانە زاوزێ دەکەن، لە مانگی ئاب بەرخەکان دەفرۆشن و بە پارەکەی ئالیک و پێویستیی دیکە دەکڕن.
ئەو ئاژەڵدارە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر ئەو ئاژەڵانەمان پێنەدرایە، ئێستا بەرەو شار کۆچمان کردبوو، چونکە شتێک نەبوو لێرە بمانوەستێنێت. ئێستا لە گوندەکەمان دەژین و ئاژەڵدارین."
بولەنت کوچوک دەڵێت، بە فرۆشتنی ئەو شیرەی لە مەڕەکانەوە دەستیان دەکەوێت، بژێویی ژیانیان دابین دەکەن. هەموو ئەندامانی ئەم خێزانە شانیان داوەتە بەر ئەرکی ئاژەڵداری، کوچوک باس لەوە دەکات، لەڕێگەی ئەم پیشەیەوە، دەستی بە ژیانێکی سادە و ئاسوودەوە گرتووە.